ئێران ده‌ڵێ چیدی و‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم ناداته‌وه‌

 

بێسانسۆڕ نیوز:

2010.02.19

 

نوێنه‌ری ئێران له‌ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم ده‌ڵێ وڵاته‌كه‌ی وڵامی پرسیاراه‌كانی ئاژانس سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی چێ كردنی موشه‌ك و بۆمب ناداته‌وه‌. ئایه‌توڵلا عه‌لی خامنه‌ییش قسه‌ی به‌رپرسانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوكیی تارانی به‌ "هه‌ڵیت و پڵیت" وه‌سف كردووه‌ و گوتویه‌تی " كۆماری ئیسلامی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵیت و پڵیتانه‌ هه‌ستی راناچڵه‌كێت."

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی بی بی سی، خامه‌نه‌یی ئه‌م قسانه‌ی رۆژی هه‌ینی له‌ میانه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگێكی سه‌ربازی كردوه‌.

قسه‌كانی خامه‌نه‌یی رۆژێك پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ئێران دێت. ئاژانس له‌و راپۆرته‌یدا نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هه‌وڵدانی تاران بۆ دروست كردنی كڵاوه‌ی ناوه‌كی ده‌ربڕیوه‌.

خامه‌نه‌یی گوتویه‌تی كه‌ به‌ ئه‌وان به‌ پێی بیروباوه‌ڕی ئاینیی خۆیان چه‌كی ناوه‌كی به‌ سیمبۆلی كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵ ده‌زانن و پێیان حه‌رامه‌، بۆیه‌ هیچ بڕوایه‌كیان به‌ چه‌كی ناوه‌كی نییه‌.

نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێران له‌ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم "عه‌لی ئه‌سغه‌ر سوڵتانییه" راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی ره‌ت كردۆته‌وه‌ و گوتویه‌تی كه‌ ئێڕان ئه‌و داواكاریانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی پادمانی ئاژانس و هه‌روه‌ها ئه‌و داواكارییانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئێران، جێبه‌جێ ناكات و ئه‌و بڕیارانه‌ دژ به‌ رێسا و یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌زانێت."

‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش تا ئێستا چه‌ند بڕیاری سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌كیی تاران ده‌ركردووه‌ و داوای له‌و وڵاته‌ كردووه‌ تا پیتاندنی ئۆرانیۆم راگرێت.

پێشتر ته‌نیا وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری نیازی سه‌ربازیی ئێران له‌ پیتاندنی ئۆرانیۆم نیگه‌رانیان ده‌رده‌بڕی به‌ڵام ئێستا بۆ یه‌كه‌م جار ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمیش نیگه‌رانیی هاوشێوه‌ی له‌ راپۆته‌ تازه‌كه‌یدا ده‌ربڕیوه‌.

عه‌لی ئه‌سغه‌ر سوڵتانییه‌ به‌ ئاژانسێكی هه‌واڵنێریی ئێرانی گوتووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی "سه‌باره‌ت به‌ گشت ئه‌و چالاكییانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی یاساكانی پشكنینی ئاژانسدایه‌ روونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی داوه‌ به‌ڵام بابه‌تی وه‌ك لابتۆپ و دروستكردنی مووشه‌ك و بۆمب په‌یوه‌ندی به‌ چوارچێوه‌ی كاری ئاژانسه‌وه‌ نییه‌."

ناوبراو ده‌ڵێ كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڵێنه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ به‌رگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی پابه‌نده‌ و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ش ناداته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانی ئاژانسه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ روسیاش كه‌ پێشتر سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌كیی ئێران هه‌ڵوێستی نه‌رمتر بوو، ئێستاكه‌ چووه‌ته‌ پاڵ وڵاتانی رۆژئاوا و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ هاوكاری نه‌كردنی تاران له‌ گه‌ڵ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم نیگه‌رانه‌.

 

 

 

نوشته شده در تاریخ شنبه 1 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()