فیلمی ململانێی حیزبه‌ کوردییه‌کان خه‌ڵاتێکی هیندستانی پێ ره‌وا ده‌بینرێ

 
 

رێنێسانس نیوز

2010.02.20 - 11:32

 

فیلمی "کوێستانی سپی" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری بانه‌یی ته‌ها که‌ریمی، که‌ چیرۆکی سه‌رهه‌ڵدانی حیزبه‌ کوردییه‌کان و کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌کانیان ده‌گێڕێته‌وه‌، حه‌وتوی رابردوو له‌ دوو فێستیڤاڵی سینه‌مایی هیندستاندا به‌شدار بوو و خه‌ڵاتی "میداڵی تایبه‌ت"ی یه‌کێک له‌وانی وه‌رگرت.  

بیرۆی راگه‌یاندنی فیلمی "کوێستانی سپی" له‌ لێدوانێکدا که‌ نموونه‌یه‌کی بۆ (رێنێسانس نیوز) ره‌وانه‌ کردووه‌، وێرای ئاماژه‌ به‌وه‌ که‌ خه‌ڵاتی "فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی جیپوری" به‌ فیلمه‌که‌ ره‌وا بینراوه‌، روونی ده‌کاته‌وه‌ که‌ فیلمه‌که‌ له‌ یه‌که‌مین فێستیڤاڵی گه‌نجانی جیپوور له‌ شاری نیۆدێهلی و له‌ زانکۆی جه‌واهێر له‌عل نه‌هرۆ، پیشانی به‌شداران دراوه‌ و کۆڕێکی پرسیار و وه‌ڵامیش بۆ ده‌رهێنه‌ره‌که‌ی ساز دراوه‌.

چیرۆکی فیلمه‌که‌

هێشتا ده‌موچاوی فه‌قێ برایم مووی نه‌هاتبوو که ‌یه‌که‌م حیزبی سیاسی دێته‌ ئه‌و چیایه‌ی که‌ "سنوور"ـه‌کانی سێ به‌شی کوردستان لێک گرێ ده‌داته‌وه‌ ـ سێ سنوور ـ 15 حیزب به‌ درێژایی 50 ساڵ دێنه‌ "کوێشتانی سپی" که‌ ‌هه‌ریه‌که‌و به‌جۆرێک خه‌ونی گه‌یاندنی مرۆڤی به‌ به‌خته‌وه‌ری کردووه‌ته‌ ئامانج، چیرۆکی فیلمه‌که‌ پیشانمان ده‌دا که‌ هیچکام له‌و حیزبانه‌ ده‌روه‌ستی کێشه‌کان نایه‌ن، گۆێ له‌یه‌کتر ناگرن و شه‌ڕ ده‌که‌ن، له‌و نێوه‌دا ته‌نیا "فه‌قێ برایم" ـ پاڵه‌وانی سه‌ره‌کیی فیلمه‌که‌ ـ یه‌ که‌ گوێ له‌هه‌موویان ده‌گرێ و ئێستاش ـ که‌کاتی شه‌ڕی ناوخۆییه‌ ـ فه‌قێ برایم به‌ ئه‌سپه‌که‌یه‌وه‌ خه‌ریکی ئاڵوگۆڕکردنی ته‌رمی کوژراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆیی‌یه‌.

ته‌ها که‌ریمی ده‌رهێنه‌ری فیلمی کوێستانی سپی، سه‌باره‌ت به‌ پێشوازیی ئه‌کته‌ره‌ هیندستانیه‌کان و مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی جه‌واهێر له‌عل نه‌هرۆ باسی له‌وه‌ کرد که‌ "ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی باشیان له‌گه‌ڵ فیلمه‌که‌ دروست کرد، ئه‌یانوت ئێمه‌ هه‌ست ئه‌که‌ین ئه‌م فیلمه‌ باسی هیندستان و باسی ره‌نگه‌ جیاوازه‌کان و گرووپه‌ جیاوازه‌کانی ئێره‌یه‌ و ململانێکانی ناوخۆیی هیندستان نیشان ئه‌دات، ئه‌وه‌شیان خسته‌روو که‌ ئه‌وان ژیانی خۆیان له‌و فیلمه‌دا ده‌بینینه‌وه‌".

فیلمی کوێستانی سپی تائێستا له‌ نزیک به‌ 12 ڤێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شدار بووه‌، له‌وانه‌ فێستیڤاڵی مووزه‌ی هونه‌ری هاوچه‌رخ له‌ ئه‌مریکا، ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی به‌رلین و ئوسترالیا و له‌نده‌ن، ڤێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له‌تاران که‌ پاڵێوراوی سیمرغ بلورین بۆ نووسین و ده‌رهێنان بوو و له‌بیست وچواره‌مین ڤێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌فیلمی تارانیش خه‌ڵاتی باشترین فیلمی درامی و خه‌ڵاتی یه‌که‌میشی له‌ ‌یه‌که‌مین ڤێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێر وه‌رگرتووه‌ و خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانیشی له ‌ڤێستیڤاڵی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێراندا وه‌رگرتووه‌.

ده‌رهێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌ها که‌ریمی، له‌دایکبووی 1976ی شاری بانه‌یه‌‌‌ ‌ و سه‌ره‌تای کاره‌کانی به‌ نووسینی چیرۆک ده‌ست پێکردووه‌ و ساڵی 2004 یش له‌زانکۆی هونه‌ریی تاران، له‌به‌شی سینه‌مادا، به‌کالیۆرسی وه‌رگرتووه‌ و تا ئێستا 4 فیلمی (سنووری ژین)، (زریان) و (سه‌مای مروارییه‌کان) و (کوێستانی سپی) ده‌رهێناوه‌ و له ‌خۆئاماده‌کردندایه‌ بۆ ده‌رهێنانی یه‌که‌م فیلمی سینه‌مایی درێژی خۆی.

له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی جێپووردا فیلمێکی دیکه‌ی کوردیش به‌ ناوی سنوو،ر له‌ ده‌رهێنانی ستار چه‌مه‌ن گوڵی به‌شدار بوو.

 

نوشته شده در تاریخ یکشنبه 2 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()