ئێران ده‌ڵێ چوار ئه‌ندامی حیزبێکی کوردیی له‌ نزیک سه‌رده‌شت کوشتووه‌

ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تیی ئێران بڵاویکرده‌وه‌ که‌ هێزه‌ هه‌واڵگرییه‌کانی کۆماری ئیسلامی چوار ئه‌ندامی گرووپێکی "جیاوازیخواز"ی چه‌کداریان له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت کوشتووه‌ که‌ ده‌ستیان له‌ کوشتنی سێ پۆلیسی ده‌وڵه‌تدا هه‌بووه‌.  

ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمیی ئێران، که‌ هه‌واڵه‌که‌ی به‌ پشتبه‌ستن به‌ لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌واڵگریی بڵاوکردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌شی ده‌ستنیشان کردووه‌ که‌ ئه‌و چوار که‌سه‌ له‌ نزیک سنووری ئێراق (باشووری کوردستان) کوژراون و به‌وه‌ش تاوانبار ده‌کرێن که‌ ده‌ستیان هه‌بووبێ له‌ کوشتنی سێ پۆلیسی ئێرانیدا له‌ رۆژی 26ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌که‌‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ که‌ له‌و پێکدادانه‌دا ژماره‌یه‌ک چه‌کی قورس و سووک ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی (ئاسۆشییه‌یتێد پرێس) که‌ هه‌واڵه‌که‌ی له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت گواستۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌ ناوی گرووپه‌که‌ نه‌کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خستۆته‌ ڕوو که‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا، که‌سێکی سه‌ر به‌و گرووپه‌ی له‌دار داوه.

له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا، ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌‌ی زه‌حمه‌تکێشان به‌ ناوی ئێحسان فه‌تاحیان له‌ شاری سنه‌ له‌دار درا و به‌و پێیه‌ ده‌بێ ئه‌و چوار که‌سه‌ که‌ بانگه‌شه‌ی کوژرانیان ده‌کرێ، پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ بن.

کاتژمێر 14:20

 ئاژانسی هه‌واڵی (ئه‌ی ئێف پی) له‌ هه‌واڵێکدا که‌ چه‌ند خوله‌ک به‌ر لکه‌ ئێستا بڵاوی کرده‌وه‌، پشتڕاستی ده‌کاته‌وه‌  که‌ ئه‌و چوار که‌سه‌ سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵه‌ن، به‌ڵام هیچ کام له‌ لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ تا کاتی ئاماده‌کردنی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌و بواره‌وه‌ لێدوانیان نه‌داوه‌.

 

 

 

نوشته شده در تاریخ دوشنبه 3 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()