کۆماری ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی بلووچستان وتووێژیان کردووه‌

 
 

بێسانسۆڕ نیوز:

 

 

له‌ رێگای پیاوانی ئایینی و ریش سپییه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌، کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تیی ئێران داوای وتووێژیان له‌ بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی بلووچستان کردووه‌ و بزووتنه‌وه‌که‌ش لای خۆیه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنیی به‌و داخوازییه‌‌ و یه‌کلایه‌نه‌ش‌ شه‌ڕی راگرتووه‌.  

له‌ لێدوانێکدا که‌ له‌ سایتی فه‌رمیی خۆندا بلاوی کردۆته‌وه‌، رێکخراوی "جوندوڵای بلووچستان" رایده‌گه‌یه‌نێ که‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ رێگای که‌سایه‌تییه‌ ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی بلووچه‌وه‌، داوای وتووێژیان له‌ بزووتنه‌وه‌که‌یان کردووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کا که‌ "له‌ ئاراسته‌ی گه‌یشتنی خه‌ڵکی بلووچ و ئه‌هلی سوننه‌ت به‌ مافه‌ سروشتی و ئینسانییه‌کانیان"، وه‌ڵامی ئه‌رێنییان به‌و داخوازه‌ی ده‌وڵه‌ت داوه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی لێدوانه‌که‌ نوێنه‌رانی هه‌ردوو لا یه‌کتریان دیوه‌ و بابه‌تی وتووێژه‌که‌ش "دانوستان له‌سه‌ر مافه‌ سیاسی، مه‌ده‌نی و کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی بلووچ و ئه‌هلی سوننه‌ت" بووه.هه‌روه‌ها جوندوڵا له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌کانه‌وه‌ رێوشوێنی "ئاگربه‌ستی رانه‌گه‌یه‌نراو"ی ڕه‌چاو کردووه‌، به‌لام بۆیان روون بووه‌ته‌وه‌ که‌ دانوستان هیچ ئه‌نجامێکی لێ ناکه‌وێته‌وه‌، چوونکا وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن "رژیم هه‌موو جارێک ده‌ستی داوه‌ته‌‌ سیاسه‌تی کاتکوشتن و له‌ ئاراسته‌ی جێبه‌جێکردنی داخوازییه‌کانی بزووتنه‌وه‌دا هیچ هه‌نگاوێکی تایبه‌تی هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه‌."

ئه‌و رێکخراوه‌ چه‌کداره‌ی خه‌ڵکی بلووچستان راشیده‌گه‌یه‌نێ که‌ "ئامانج له‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌، ته‌نیا و ته‌نیا کاتکوشتن و ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ به‌رپرس و فه‌رمانده‌ نیزامییه‌کان‌ و شه‌خسی رێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ بوو، که‌ ئه‌لحه‌مدولیلا له‌ ته‌واوی پیلانه‌کانیدا ناکام بوو".

جوندوڵا ئاگربه‌سته‌که‌ به‌ "هه‌ڵوه‌شاوه‌" و جه‌ختیشی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ه‌رله‌نوێ چالاکییه‌ سه‌ربازییه‌کانیان ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه‌. وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن "بێجگه‌ له‌ به‌رخۆدانی چه‌کداری، هیچ رێگایه‌ک بۆ رزگاربوون له‌و رژیمه‌ نییه‌" و داواش له‌ بزووتنه‌وه‌ کوردی، ئازه‌ری و عه‌ره‌بییه‌کان ده‌کا "ده‌ست بکه‌ن به‌ خۆ رێکخستنه‌وه‌ی سه‌ربازی و چالاکییه‌کانی خۆیان له‌ کوردستان، ئه‌هواز و تورکمه‌نسه‌حراوه‌ ده‌ست پێ بکه‌ن"

به‌ تایبه‌تیش داوا له‌ کورد و عه‌ره‌به‌کان ده‌کا "هه‌رچی زووتر بچنه‌ ناو ڕیزی بزووتنه‌وه‌ی جیهاد و تێكۆشان" به‌ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وشیارییش ده‌داته‌ ده‌وڵه‌ت که‌ خۆی بۆ "پێکدادانێکی توندوتیژ" ئاماده‌ بکات که‌ له‌وساڵدا به‌ توندترین شێوه‌ ده‌ست پێده‌کات.

 

نوشته شده در تاریخ جمعه 30 بهمن 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()