کۆمه‌ڵه‌ ده‌ڵێ هاوڕێیانمان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت بوون
2010 02 22 - 11:31

avatar
راگەیەندراوی سکرتاریەتی کۆمەڵە بە بۆنەی شەهیدبوونی پۆلێک هاوڕێی پێشمەرگە

خەڵکى خۆراگری کوردستان

جەماوەری ئازادیخوازی ئیران

کۆمارى ئیسلامى ئێران لە درێژەی زەبرو زەنگء تۆقاندنء تیرۆرەکانی خۆیدا، دەستی دایە جینایەتێکى ترء پۆلی هاوڕێ ئێمەی بە پیلانێکى پێشتر دارێژراو تیرۆر کرد.

ئەم پۆلە شەهیدە کە بریتین بوون لە چوار کەس، بە مەبەستی کاری رێکخستن و کۆکردنەوەی یارمەتی لەناوچەی سەردەشت بوون کە بەداخەوە کەوتنە بەر پیلانى وەزارەتی ئیتیلاعات و لە بۆسەیەکى ناجوامێرانەدا هەر چواریان شەهید کران.

ئەم هاوڕێیانە لە سەرەتای سپێدەی رۆژی 2ى رەشەممەی ساڵی 1388 بەرابەر بە 21ى فێڤرییەی 2010ى زایینى، لەناوچەی سەردەشت لە نزیک گوندى کانی زەرد، کاتێک کە سواری تویوتایەکی وانت بوون بە شێوەیەکى غافڵگیرانە کەوتنە بەر پەلاماری چەکدارانەی هێزەکانى ئیتیلاعات و سێ کەس لە هاوڕییانمان بە ناوەکانى: محەممەد ئەفشاری، ئەیاد هەورامی، مەحیەدین کەلهوڕی، هاوڕێ لە گەڵ کەسێکى دی بەناوی حسەین دیهقانی، کە هاوڕییەتی ئەم پێشمەرگانەى دەکرد، شەهید دەبن.

بە پێى ئەو زانیارییانە کە تا ئیستا هەمانە، وەزارەتی ئیتیلاعاتى ئێران، بە سوودوەرگرتن لە جاسووس و بەکرێگیراوەکانى خۆی توانیویەتى ئەم هاوڕێیانەمان تیرۆر بکات. لە داهاتوودا بە وردء روونى ، هەموو بابەتەکانى پەیوەست بەم جینایەتە دەگەیەنینە جەماوەر.

جێى ئاماژەیە راگەیاندنەکەی وەزارەتى ئیتیلاعات وەک هەمیشە، کۆیەک درۆ و بۆختان دەداتە ئەم هاوڕێیانەمان، کە لە بنەڕەتدا لە راستییەوە دوورن. ئەم بۆختان و پروپاگاندەیەی ئیتیلاعات، لە کاتیکدایە کە رۆژانە خەڵکى هەژارو کۆڵبەرى سەر سنورەکان، دەبنە قوربانی کوشتاری کوێرانەی، ئەم دەسەڵاتە زاڵمەء هێزەکانى ئیتیلاعات.

هاوڕێیانمان بە هیچ جۆرێک بە مەبەستى چالاکیی چەکدارانە نەچوونەتەوە ناوچەکە، بۆیە هەموو هەڵبەستن و داستانەکانى ئیتلاعات بە درۆ دەخەینەوەو، دەڵێین ئەمەیش شێوەیەکە بۆ پاساوی کردە ناجوامیرو نامرۆڤانەکانى خۆیان و، رەوشتى خوێنڕێژانەو سەرکوتکارانەیان کە چەندین مانگە رژێم دەیەوێ لە رێگایەوە خەڵک سەرکوت و چاوترسێن کات و کوردستانى کردۆتە مەکۆی ئەم سیاسەتە دژە مرۆڤانەیە.

ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەم شەهیدە قارەمانانەء خەڵکى کوردستان دەکەین. داوا لە هەموو خەباتگێڕان و چالاکانى کورد دەکەین کە سیاسەت و تاوانە دژە مرۆییەکانى رژێم لەکوردستاندا، سەرکۆنە و ریسوا بکەن و جیهان لە ئازارەکانى جەماوەر و گەل تێبگەیەنن.


سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانى کوردستان

3ی رەشەممەی 1388

 

نوشته شده در تاریخ سه شنبه 4 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()