ده‌ستم له‌ هومێدێ به‌رنه‌داوه‌
03.03.2010avatar
ناسر باباخانی

ئێپیزۆدی یه‌که‌م
ئاخر و ئۆخری به‌هاری ساڵی 2004 بوو. له‌ مه‌هاباده‌وه‌ هه‌گبه‌یه‌کم هیوا و ئاره‌زوو له‌ کۆڵ نا و به‌ ته‌مای ئاودیو بوون ملی ڕێیه‌م گرته‌ به‌ر. بۆ ساتێکی کورت کۆڕه‌وه‌که‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشم به‌ زه‌ینی دا هات. گه‌رمێن بگره و هاتم... جاده‌ قیله‌تاوه‌ لاوه‌کییه‌که‌ی بورهان، به‌هاران دیمه‌نێکی دڵڕفێنی هه‌یه‌. ئه‌م شوێنه‌ بێ گومان بۆ هه‌موومان بیره‌وه‌ری تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌... سیوادی شاره‌ خنجیلانه‌که‌ی بۆکان ئۆخژنی ده‌به‌خشییه‌ دڵ و گیانم. دۆستی زۆر باشم هه‌یه‌ له‌م شاره‌... له‌ بۆکان که‌ وه‌دره‌که‌وتم گوندی سه‌را دیمه‌نی پێشمه‌رگه‌ گیان له‌ سه‌ر ده‌سته‌کانی کۆماره‌ ساوا‌که‌ی کوردستانی خسته‌‌ یادم. دیمه‌نی هه‌مووانم له‌ سه‌ر کێو و ته‌پۆڵکه‌کان به‌دی ده‌کرد... ئێره‌ش سه‌قزه‌... ئه‌وه‌ش بانه‌ و ئاربابای سه‌رفه‌راز.
ئێره‌ سنووره‌. هه‌ی به‌ له‌عنه‌ت بێ هه‌رچی سنووره‌. کابرایه‌کی بانه‌یی گوتی: "هه‌ر به‌م شوێنه‌ی وه‌ک ڕه‌وگه‌ دیاری کراوه‌دا بڕۆ. له‌ هێڵه‌که‌ لاده‌ی ده‌که‌وێیه‌ سه‌ر مین." ئاخ که‌ چه‌ند که‌س قاچیان له‌ سه‌ر ئه‌م مینانه‌ جێ هێشتووه‌!!

له‌ سه‌ر سنووره‌وه‌ تا پێنجوێن له‌گه‌ڵ کابرای شۆفیر که‌وتینه‌ قسه‌ و باس. گونده‌کان وێده‌چوو ئاوه‌دان کرابن. خه‌سته‌خانه‌ و قوتابخانه‌ و... هه‌ر له‌ دووروه‌ خۆیان ده‌نواند... ئه‌مه‌ش سلێمانی. به‌ لای من سلێمانی له‌ جنسی مه‌هاباده‌. یه‌کێک له‌ کاره‌کانم ئه‌وه‌ بوو سه‌ردانی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌ک بکه‌م له‌وانه‌: شێرکۆ بێکه‌س، نه‌وشیروان مسته‌فا، مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی، شێرزاد حه‌سه‌ن، ئه‌رخه‌وان، عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی و...

پێم خۆشه‌ له‌ کورتی ببڕمه‌وه‌ و چون ئه‌م وتاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ با ئه‌م سه‌فه‌ره‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کی خۆم له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ـ سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ـ و دوکتور شاهۆ سه‌عید ‌ـ وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ـ گرێ بده‌م.

له‌ سلێمانی تاکسییه‌که‌م گرت و به‌ره‌وه‌ شوێنی کاری نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ ڕێ که‌وتین. کابرای شۆفیر که‌ زانی خه‌ڵکی مه‌هابادم زۆری ڕێز لێنام. به‌ ده‌م پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی: "جه‌لالی یا نه‌وشیروانی؟" خورپه‌یه‌ک به‌ دڵم دا هات. شۆفیر تاکسییه‌که‌ گوتی: "کاکه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستت ده‌ڕوا تکایه‌کمان له‌ لای کاک نه‌وشیروان بۆ بکه!"

به‌ هه‌رحاڵ گه‌یشتمه‌ به‌ر ده‌رگای بینایه‌کی گه‌وره‌ی چه‌ندنهۆمی که‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک پاسه‌وانیان لێده‌کرد. ئه‌م بینایه‌ شوێنی ‌نیشته‌جێ بوونی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین بوو. پێشمه‌رگه‌‌کان ویستیان بمپشکنن، دیتم له‌ سه‌رێ ڕا یه‌کێک گوتی: "پێویست به‌ پشکنین ناکا با بێته‌ سه‌رێ." فه‌رمانه‌ و دراوه‌ و ڕێم پێدراوه‌ بۆ سه‌رێ!!

له‌ نهۆمی سێهه‌م یا چواره‌م له‌ ژوورێکی یه‌گجار گه‌وره‌دا چاوم به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا که‌وت. کابرایه‌کی ڕه‌زاسووک به‌ کراس و پانتۆڵێکی ئاسایی یه‌وه‌. که‌سی دووهه‌می یه‌کێتی نیشتمانی. سێڕۆمێکی به‌ ده‌ستییه‌وه‌ بوو. چاک و خۆشیمان کرد و خۆم پێ ناساند. گوتی کارگی خواردووه‌ و مه‌سمووم بووه‌. سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی، زۆر به‌ حورمه‌ته‌وه‌ میوانداری لێکردم. بۆ ماوه‌ی سی خوله‌کێک هه‌ر به‌ یه‌که‌وه‌ قسه‌مان کرد. دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ من به‌ کاری ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووم. ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی وته‌کانی ئێمه‌ش هه‌ر له‌ ده‌وری ئه‌م جۆره‌ باسانه‌ خولی ده‌دا. کاک نه‌وشیروان له‌ ڕووی خه‌مخۆرییه‌وه‌ گوتی: "ئێمه‌ له‌ خه‌م ڕه‌خسیوین، تکایه‌ له‌ گۆڤاره‌که‌تان دا باسی کێشه‌ و گرفته‌کانی خۆتان بکه‌ن. ئێمه پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌. حه‌ول بده‌ن له‌ ڕێی ئه‌م تریبوونه‌وه‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی هه‌ڵێننه‌وه‌." نه‌وشیروان مسته‌فا ژماره‌ ته‌له‌فۆنێکی پێدام گوتی: "ئه‌مه‌ ڕه‌قمی دانا ئه‌حمه‌د مه‌جیده‌، گرفتێکت بۆ ساز بوو په‌یوه‌ندی پێوه‌ بکه‌." دواتر چه‌ند میوانی تر هاتن و... ماڵاواییم کرد و له‌ بینا گه‌وره‌که‌ وه‌ده‌رکه‌وتم.

به‌ هه‌ڵکه‌وت له‌ زانکۆی سلێمانی تووشی د. شاهۆ سه‌عید بووم. له‌وه‌ پێش یه‌کترمان نه‌دیبوو. به‌ڵام چون له‌ شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ ـ که‌ من نه‌متوانیبوو به‌شداری تێدا بکه‌م ـ به‌ هاوبه‌شی خه‌ڵاتی دووهه‌می ڕه‌خنه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌مان وه‌رگرتبوو. دوور به‌ دوور یه‌کترمان ده‌ناسی. قسمه‌ت وا بوو له‌م سه‌فه‌ره‌دا له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رۆکی لیستی گۆڕان و وته‌بێژی لیستی گۆڕان ببینم کاتێک که‌ هیچ باس و خواسێک له‌ گۆڕان له‌ گۆڕی دا نه‌بوو. به‌ڵا‌م هه‌ستم به‌وه‌ کرد که‌لێنێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی ساز بووه‌.

ئێپیزۆدی دووهه‌‌م

من چه‌ند ساڵ له‌وه‌پێش له‌ وتارێک دا ئاماژه‌م به‌مه‌ کرد که‌ چه‌ند وڵاتێکی ده‌ره‌کی و چه‌ند هێزێکی ژووره‌کی عێراق شێلگیرانه‌ خه‌ریکی ئه‌وه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له‌ ناو پێکهاته‌ و داڕشتی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ عێراق دا بگه‌یه‌ننه‌ نزمترین ڕاده‌ی خۆی. بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌م تاکتیکه‌ که‌ له‌ ڕاستی دا ستراتێژی ناحه‌زانی کورد بوو ڕای شه‌قام و ڕای رۆشنبیری کوردی ته‌نیا ڕیگای چاره‌ی له‌ یه‌کگرتوویی سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان دا ده‌دیته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌م فۆرمووڵه‌ بۆ کێشه‌ ناو‌خۆیی یه‌کانی کوردستان نه‌ک هه‌ر به‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ی کورد نازانم، به‌ڵکوو ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ پێم وایه‌ بوونی لیستی گۆڕان له‌ پانتای سیاسه‌تی کوردی ‌و له‌ په‌رله‌مانی کوردستان دا وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵات یه‌گجار پێویسته‌. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کانی نوێنه‌رانی مه‌جلیسی عێراق حه‌قایه‌تێکی تری هه‌یه‌. من به‌ش به‌ حاڵی خۆم باوه‌ڕێکی قووڵم به‌ پلۆرلیزمی سیاسی هه‌یه‌ و پێم وایه‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ده‌بێ له‌ باری بیر و باوه‌ڕه‌وه‌ جیاواز بن، به‌ڵام بۆ ئه‌م پرسه‌ چاره‌نووس سازه‌ واته‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌بوایه‌ یه‌کده‌نگ و یه‌ک لیست بن و هاوپه‌یمانی‌ کوردستانی زۆر له‌وه‌ به‌هێزتر بوایه‌ که‌ ئێستا هه‌یه‌. به‌شداری نه‌کردنی سێ لایه‌نی لیستی گۆڕان، لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان و لیستی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی کاریگه‌رییه‌کی سه‌لبی له‌ سه‌ر سیمای سیاسی کورد له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ داناوه و ته‌نانه‌ت بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ له‌ پانتای سیاسی عێراق دا له‌ ڕاده‌ی شوێن دانان و قورسایی که‌م بێته‌وه‌. کێبه‌رکێی سه‌ره‌کی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق له‌ مابه‌ینی پێنج ئیئتیلاف به‌ سه‌رۆکایه‌تی: 1ـ نووری‌ مالیكی ‌2ـ عه‌مار حه‌كیم، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ و موقته‌دا سه‌در 3ـ ئه‌یاد عه‌لاوی و تاریق هاشمی‌ 4ـ جه‌واد بۆلانی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی له‌ خۆشبینانه‌ ترین حاڵه‌ت دا له‌ ڕیزی 3 و له‌ ڕاستی دا له‌ ڕیزی 4دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. لام وایه‌ ناوی هه‌ر یه‌ک له‌م سه‌رۆک ئیئتیلافانه‌ به‌س بێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کورد زیاتر هه‌ست به‌ یه‌کڕیزی بکات. هه‌ر دوور نه‌ڕۆین و وه‌ بیر خۆمانی بێنینه‌وه‌ ئه‌م ناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌و کات که‌ له‌ لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات دا بوون چۆنیان له‌گه‌ڵ کورد مامڵه‌ کردووه‌.

تازه‌ کاره‌ و هاتووه‌ و له‌م قۆناغه‌ زه‌مانییه‌دا ئومێدێک بۆ ئاشته‌وایی نه‌ماوه‌. پڕۆپاگه‌نده‌کانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردووی سه‌ر شاشه‌کانی ته‌له‌ویزیۆن، به‌ داخه‌وه‌ مرۆڤی ده‌خسته‌ یادی شه‌ڕی براکوژییه‌وه‌. ده‌کرا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییش بێ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد که‌مێک ددان به‌ سه‌ر جه‌رگ دابگرن. هه‌روه‌ک پێشتر باسم کرد که‌م و کووڕی له‌ هه‌رێمی کوردستان دا زۆره،‌ به‌ڵام با ویژدان سه‌نگی مه‌حه‌ک بێ کاری باشیش کراوه‌. به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ هه‌یه‌ و به‌ حه‌ققیشه،‌ لانی که‌م له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌کان له‌ هه‌مبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی دا یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست بن. له‌ بیرمان نه‌چێ ده‌نگی عودی به‌غدا له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا قه‌ت له‌گه‌ڵ سازی کورد کووک نه‌بووه‌!
ناسر ئێرانپوور | 2 Mar 2010 - 23:17
ده‌ست خۆش، کاک ناسری خۆشه‌ویست و تێکۆشه‌ر. بۆچوونێکی زۆر کوردانه‌ و رئالیستیانه‌یه‌. ئێمه‌ تا به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان نه‌ناسین، ناتوانین له‌ گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌رمان هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌له‌ بکه‌ین. له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ له‌ ناو نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا د. محموود عوسمان باشترین هه‌ڵوێست و هه‌لسوکه‌وتی کوردانه‌ی هه‌یه‌.
سیاسه‌تی کوردی له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی فارس و تورک و عه‌رب ده‌بێ پێداگری شێلگیرانه‌ و هێمنانه‌ له‌ سه‌ر مافه‌ ته‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی کورد بێ، ئه‌وه‌ش نه‌ به‌ مانای کێبه‌رکێی توند و تیژه‌ و نه‌ توانه‌وه‌ له‌ وان‌دا.

 

نوشته شده در تاریخ چهارشنبه 12 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()