به‌ڕێوه‌چوونی سمینارێک له‌ پارلیمانی نۆروێژ به‌ به‌شداریی سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

3 / 3 / 2010
کوردستان و کورد نیوز: رۆژی چوارشه‌ممه‌، 17ی مارس له پارلمانی نوروێژ سمینارێک به‌ به‌شداریی چه‌ند که‌سایه‌تی و پسپۆڕی کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.
سمیناره‌که‌ دوو ته‌وه‌ری کێشه‌ی کورد به‌ گشتی و ژینوسایدی خه‌ڵکی کوردستان له‌ خۆ ده‌گرێ.
گروپی کوردی له رێکخراوی دژی ره‌گه‌زپه‌رستی " ئێس.ئۆ.ئێس.راسیسمه‌" و که‌مپه‌ینی به جیهانی کردنی ژینوساید دژی گه‌لی کوردستان به هاوکاری ئه‌ندامانی ‌‌پارلمانی سه‌ر به حیزبی سوسیالیستی چه‌پی نوروێژ پێکهێنه‌ری ئه‌م سێمیناره‌ن.
به‌شدارانی ئه‌و سمیناره‌ بریتین له‌ : "خالید عزیزی" که‌سایه‌تیی ناسراوی کورد و سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دۆکتور "مه‌جید حامید جه‌میل"، وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، "شورش حاجی" پسپۆڕ و لێکۆڵه‌ر له بابه‌ت ژینوسایدی کورد ، "عه‌بدوول باسییت سه‌یدا" پسپۆڕی بواری مێژوو و مامۆستا له‌ زانكۆی ئۆپساڵای سوید و "که‌ریم یه‌لیدز" پرۆفیسۆر و لێکۆڵه‌ر.
باسکردن له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و ژینوساید و کومه‌ڵکۆژیی کورده‌کان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی زاڵ له‌ ئێران، عێراق، تورکیه‌ و سوریه‌ ناوه‌رۆکی باسی هه‌ر کام له‌ وتاربێژانی ئه‌و سمیناره‌ له‌ خۆ ده‌گرێ. هه‌روه‌ها لێکۆله‌رێک له سه‌ر کاروباری رۆژ‌هه‌ڵاتی نێوه‌راست وتاری ده‌سپێکی سمیناره‌که‌ پێشکه‌ش ده‌کا.
ئه‌ندامانی پارله‌مانی نورویژ، حیزب و رێکخراوه‌ سیاسی‌یه‌کانی نورویژی، ریکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی چالاک له‌ بواری مافی مروڤ و که‌سایه‌تییه ناسراو و به‌ناوبانگه‌کانی ‌سیاسی و مه‌ده‌نیی نوروێژ، باڵوێزی چه‌ند باڵوێزخانه‌ی‌ وڵاتانی جیهان له‌ نۆروێژ و نوینه‌ری حیزب و رێکخراوه‌کانی ‌هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان بۆ ئه‌م سمیناره‌ بانگ‌هێشت کراون.
هه‌ر له‌م باره‌وه‌ رێکخراوه‌کانی " ئێس.ئۆ.ئێس.راسیسمه‌" و که‌مپه‌ینی به‌ جیهانی کردنی پرسی ژینوساید دژ به‌ گه‌لی کوردستان رۆژی سێ‌شه‌ممه‌ 16ی مارس خۆپیشاندانێک له‌ شاری ئۆسلۆ پێک دێنن.

 

نوشته شده در تاریخ چهارشنبه 12 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()