بۆچوونی کۆمیته‌ی پێکهێنه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له سه‌ر که‌مپه‌ینی یه‌کبوون
2010 03 10 - 14:12

avatar
له چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوو دا کۆمه‌ڵێک له لایه‌نگر و ئه‌ندامی سه‌ر به هه‌ر دوو به‌شی حیزب به‌ ناردنی ئیمزا بۆ به‌ڕێزانی ڕێکخه‌ری که‌مپه‌ینی ئاشتی و دیالۆگ ئاوات و ئاره‌زووی خۆیان بۆ تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ ڕاگه‌یاند. کۆمیته‌که‌مان ده‌ستخۆشی له‌و به‌ڕێزانه ده‌کا و به هه‌نگاوێکی موسبه‌تی ده‌نرخێنێ. یه‌کبوونه‌وه‌ی دوو به‌شی حیزب شتێکی پیرۆز و جێی پێخۆشبوونی هه‌موومانه، به‌ڵام وه‌ک بۆ ڕای گشتی ده‌رده‌که‌وێ توانا و کۆسپی سه‌ر ڕێگای ئه‌و کاره‌ به هێزتر و به‌رچاوتره‌ له هێزی ئه‌و که‌سانه‌ی که خوازیاری تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ن. ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ش ئه‌وه‌ ده‌خوازێ که خوازیارانی یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌ پێش دا بۆ خۆیان له‌و باره‌وه‌ دیالۆگ بکه‌ن و ڕێگایه‌کی گونجاو بۆ ئه‌و کاره‌ بگرنه‌ به‌ر، به جۆرێک که له گه‌ڵ دڵساردی و شکست ڕووبه‌ڕوو نه‌بن.

کۆمیته‌ی پێکهێنه‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفتی دوو ڕێکخراوه‌یی نێوان دێموکڕاته‌کان خاوه‌نی به‌رنامه و پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی و به پێویستیشی ده‌زانێ له گه‌ڵ هه‌ر که‌س یا لایه‌نێک که یه‌کگرتنه‌وه‌ی مه‌به‌ست بێ‌ هاوده‌نگی و هاوکاری بکا.

جارێکی دیکه ده‌ستخۆشیی له به‌ڕێزانی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌مپه‌ین ده‌که‌ین و سپاسی هه‌ستی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین که به خه‌می یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکڕاته‌کانه‌وه‌ن.

سه‌رکه‌وێ جووڵانه‌وه‌ی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان

به هیوای یه‌کڕیزیی تێکۆشه‌رانی دێموکڕات


کۆمیته‌ی پێکهێنه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

18 ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1388

9 ی مارسی 2010

pekhenerewe@gmail.com

 

نوشته شده در تاریخ یکشنبه 23 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()