ئه‌حمه‌د شێربه‌گی

avatar

لەسەر ویستی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی هەر دووک باڵی دێمۆکرات کە لە بانگەوازێکدا داوایان لە



کاک مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کردبوو ،لەگەڵ کاک خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بکەوێتەوە دیالۆگ، نووسراوەیەکم لە رێکەوتی 27ی فێورییەلە ژێر سەردێڕی ''پشتیوانی لە ویستێکی شۆڕشگێڕانە'' بۆ ماڵپەرەکانی ''بۆرۆژهەڵات ، بەیان، پێشمەرگەکان وگیارەنگ'' ناردبوو. بێجگە لە ماڵپەری ''پێشمەرگەکان'' کە هاوڕیی تێکۆشەر،رێزدار کاک ساڵە نەڵۆسی سەرپەرەستی دەکات و بە نووسراوە وەڵامی دامەوە کە بڕوای بە تێکەڵ بوونەوەی لەم چەشنە نیە،سێ ماڵپەرەکانی دیکە پێشوازیان لێکردو بڵاویان کردەوە . لەم نووسراوەیە دا لەپێشدا داوا لە بەرێز کاک مستەفا هیجری بەرپرسی یەکەمی حیزب کرا بوو کە لە نفووز و دەسەڵاتی خۆی بۆ پێکهێنانی زەمینەی ئاشتەوایی لە گەڵ لایەنی بەرامبەری کەڵک وەربگرێ و بەپیربانگەوازی ئەندامەکانی خۆیەوە بچێ. پاشانیش رووی نووسراوەکەم وەرگێرایەوە لای کادرو پێشمەرگەکانی هەردووک باڵی دێمۆکرات ،کەوەک بەدەنەیەکی ئاگاو وشیارو بەرپرس و چارەنووس ساز،بێنە سەر سەحنە و دەخالەت بکەن و رۆڵ ونەخشی کارای خۆیان لەو قۆناخە حاستەمە داکە ناوچە و کوردستان پێیدا گۆزەر دەکابگێڕن.چونکە ئەوان بڕبڕەی پشت و هەڵسووڕینەری مۆتۆری حیزبن .هەر ئەوانن کە تواناو پتانسییەل یان هەیەو و بڕیاردەری سەرەکین . هەر ئەوانن کەقسەی یەکەم و کۆتایی دەکەن و دەتوانن رەوتی رووداو و پێشهاتەکان لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا بگۆڕن. ئەوانن کە نابێ ببنە سووتمانی دابین کردنی بەرژەوەندی رێبەرانی مەسڵەحەت خواز و کورسی تەلەب.

من وەکوو تاکێکی کورد کە سەربەخۆیی سیاسی خۆی پاراستوە و هیچ پێوەندی یەکی تەشکیلاتی بە هیچ یەک لەو دووباڵەی حیزب و هیچ رێکخراوێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نیە و هەرتکیانم وەک یەک خۆش دەوێ و هیچ جیاوازێکیان لە نێوانیاندا دانابینم . نە پەسەندبێژیانم و نە مەحکوومیشیان دەکەم. نەمتوانی لەم هەلومەرجە هەستیارەدا دا بێ هەڵوێست بم و دەنگی خۆم تێکەڵی دەنگی ئەو دڵسۆزانەی دێمۆکرات نەکەم کە لە نیاز پاکی و سەداقەت و شۆڕشگێڕبوونی ژمارەیەکیان دا سەرە دەرزی یەک گۆمانم نیە .چۆنکە هیچ کام لەم ئینسانە شەریفانە بەدوای قازانج وبەرژەوەندی خۆیاندا ناگەرێن وبەدوای ناو و ناوبانگ دەرکردن وخۆ مەترەح کردن نین . کەسانێکن کە بەشێکی بەرچاو و بەکەڵک و موفید لە تەمەنی خۆیان لە ریزەکانی حیزب دا تێپەراندوە و سەرمایە ی مەعنەوی ئەم حیزبەن و بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەیان و بەرەوپێش بردنی بزووتنەوە مایەیان لەخۆیان داناوەو نرخێکی گرانیان لە ژیانی خۆیان داوە.

هەنگاوی ئاگاهانەو لێبڕاوانە و ئازایانەی ئەو کۆمەڵە کادرو پێشمەرگەیە چونکە لە هەناوێکی پاک و هەستێکی پر لە سۆزی نیشتمانپەروەری و کوردانە و بەرپرسانە هاتۆتەدەرێ و لەبەر ئەوەی باوڕ بە یەکبوون بنەمای دەست پێکێتی،لەگەڵ پێشوازی بەرینی ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات بە هەردووک باڵێوەو هەروەها خەڵکی کوردستان بەرەو روو بوو. تا دێ رێژەی ئەوانەی بۆ مەسەلەی دیالۆگ و فەزای دانیشتن‌ لە مەر یەکگرتنەوەو یەکبوون دەحەوڵ دان و بەپەرۆشن، زیاتر و زیاتر دەبێ. ئەمە جێگای دڵخۆشی و هۆمێدواری یە کە ئەو خەڵکە چارەنووسی حیزبێکیان دەوەێ کە مێژوویەکی لیپاولیپ لە سەروەری ،شانازی و بەرخۆدانی هەیە . هەربۆیە نەیانتوانی ئازاری لێکدابڕان و جودایی تەحەمول بکەن وئاتەکی هیممەتیان لێهەڵماڵیوە . بێ شک لەم بەستێنەشدا ئەو کەندو لەندانەی دێتە سەر رێ یان،بە سەبری شۆڕشگێڕانە و بە رووحێکی ئاواڵەوە وەردەگرن و لەورێگایەی گرتوویانەتە بەر،دڵسارد نابنەوە.

مەسەلەیەکی دیکە کە لەم پشتیوانی یە دا ئاماژەم پێکرد بوو سەرەڕای پشتیوانی بەرینی تێکۆشەرانی دێمۆکرات لەم بانگەوازەو واژۆکردنی،لایەنی خیتابکراو بەرێز کاک مستەفای هیجری هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ وەڵامێکی ئەرێنی بەو ویستە نەداوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کە ژمارەیەکی هەرەبەرچاوی دەستپێشخەرانی ئەو هەنگاوە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانن کە بەرێزیان سکرتێریتی. بە پێی هەموو عورف و پرەنسیپێک ،کاک مستەفادەبووبەرامبەر بە ویستێکی وا بێ هەڵوێست و بێلایەن نەبێ،کە ئەندامانی حیزبەکەی خۆی داوایەکی ئەوتۆیان هێناوەتە گۆڕێ. هەق وایە سکرتێر گوێ بۆ خواست و نەزەری ئەندامەکانی خۆی رادێرێ وچاک یان خراپ وەڵامیان بداتەوە.

شتێکی دیکە کە جێگای لێ ورد بوونەوەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا پێ بە پێی پشتیوانی لەو بانگەوازە وزیادبوونی لیستەی واژۆکەران و چەکەرەکردنی تۆوی هیوا و هومێد لە ناو دڵی کۆمەڵانی تامەزرۆی ئازادی کوردستان دا ،هێندێک کەسیش ئاگاهانە یان نا ئاگاهانە کەوتوونە ویزەی دژایەتی کردن و لە دژی ئەو هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیە،نەزەراتی نەرێنی خۆیان هێناوەتە زمان. بەبڕوای من ئەمە شتێکی سرووشتیە. ئەو مافە کەس ناتوانێ لە کەسی زەوت بکا.من رێزم هەیە بۆ هەموو بیرو باوەرێک کە لە هەناوی هەر تاکێکی کورد دێتەدەرێ. چ باری پشتیوانی کردن لە خۆ بگرێ و چ وەکوو دژبەرهەڵوێستی گڕتبێ . بەڵام دژی ئەوەم بە ناوی داتاشراو و ساختەو یان هەرناوێکی تر لە نووسینەکانیان دا هێرشی ناڕەوا و بێ بنەما بکەن و بێحورمەتی و ناو و ناتۆرە و ناوزڕاندن ببێتە گوتاریان. دژی ئەوەم حورمەتی قەڵەم لەکەدار کەن و رێزی کەسایەتی خۆیان نەگرن.چونکە هەر وشەیەکی ناشایست کە لە زاریان دێتەدەرێ لە پێشدابەرۆکی خۆیان دەگرێتەوە و ئەو بێحورمەتی یەیان لە پێشدا بە خۆیان وبە بیروباوەڕی خۆیان کردوە.وەکوو تفی سەربەرەوژێر وایە . ئەمەش نەتەنیا هیچ کۆمەک و یارمەتی یەک بە چارەسەری ئەم کێشە پڕ لەچەڵەمەیە ناکات. بەڵکوو گرێ پووچکەکان ئاڵۆزتر دەکاو لە مەبەستە سەرەکێ یەکانمان دوورمان دەخاتەوە. جگە لە وەیکە بەدەستی خۆمان ئاومان لە ئاشی دوژمنە رەنگاورەنگەکانمان کردبێ و نەیارنی ئەم گەلەمان بە خۆمان خۆش کردبێ هێچ دەسکەوتێکی دیکەی بەدواوە نابێ. بۆیە داوا و تکام ئەوەیە هیچ لایەنێک نەکەوێتە ئەو بازنەیە و نەوت بەوئاگرەدانەکا. ئەگەریش موافیق نێ و دژی ئاشتەوایی نەرین و ڕای خۆی دەردەبڕێ ،رێزی کەسایەتی خۆی لە بەر بێ و سفەتی ناشیرین و دوور لە نەزاکەت و دڵ بریندار کەر بەکار نەهێنێ. ئەمە رەساڵەتێکە کە لەم هەل ومەرجە هەستیارەدا کەوتۆتە سەر شانی هەر تاکێکی کورد. ئێستا نەکرێ،سبەینێ درەنگە.کەس بۆی نیە کەس نەفی بکا.کەس ناتوانێ کەس ببوغزێنی. سەرئەنجامی هەر لێکدابڕان و وێک هەڵنەکردنێک هەر دێتەوە سەرمێزی دیالۆگ و پێکەوە دانیشتن و پێکهێنانی زەمینەی ئاشتەوایی. بۆیە با بە گوتاری نارەواو ناشایست نەبینە هۆی ئەوەی سبەی ڕۆژی نەتوانین ولە رووما‌ن هەڵنەیە چاو لە چاوی یەکتری کەین وشەرم دامانگرێ.

ئەمڕۆ یەکگرتن و یەکبوون بۆتە گوتاری سەرجەم گەلی کوردو بۆتە ئەمرێکی واقیع. هەر لایەنێک و هەرکەسێک نکۆڵی لەمە بکا لە واقیعی کۆمەڵگاکەی نەگەیشتوە وبە تەواوی لێی نامۆیە و دوور کەوتۆتەوە .له‌که‌س شاراوه‌ نیه‌ و روون و ئاشکرایە که‌ رێگه‌ی تێکەڵبونەوەو یه‌کگرتنەوەی حیزب رێگایه‌کی ساناوساکار نیه‌. دەبێ لەپێشدا بیر لە رێکارەکانی بکرێتەوە. ئەو مکانێزمانەی کە جارێکی دیکە حیزب بەرو لەتبوونێکی دیکە پاڵ پێوەنەنێتەوە و نەبێتەوە هۆی خەمساردیی وناهۆمێدی سەر لەنوێی تێکۆشەرانی ئەم گەلە دیاری بکرێن و لەبەر رۆشەنایی وان دا هەنگاو بنێین. بۆ ئەوەی بۆ جارێکی دیکە سەر لە خۆمان و لە خەڵک نەشێوێنین بە پلانێکی تۆکمە، روون و شەففاف پێ بنێینە مەیدان. که‌متر که‌سێک چاوه‌روانی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ کوتوو پڕو ده‌ستبه‌جێ ئه‌و حیزبه‌ که لە چرکەساتێکدائاوا بە پەلە لێکدابڕا، ئاواش بەپەلە یەکبگرێتەوە. رووخاندنی ماڵێک و تەنانەت حیزبێک زۆر سانایە.بەڵام درۆستکردنەوەو سەرلەنوێ بنیات نانەوە وپێکەوە لکاندنی زەمانێکی درێژی پێویستە. ئەم لێکدابڕانە بەرهەمی گەلێک کێشەی هەڵپەسێردراو پشت گوێ خراو بوو. زادەی یەکگرتنەوەیەکی بێ بنەما،رووتین و مەسڵەحەت خوازانە بوو کە مەبەستێکی سیاسی ئامانجداری لە پشت بوو. شەرە کورسی و شەڕەدەسەڵاتێکی رەها و بێ هەوسار بوو کە بنەماکان و پرەنسیپەکانی حیزبی خستبوە پاشخانی پاوانخوازی چەند لایەنێکی خۆویستی بەرژەوەند خواز. ئاکامی ململانێکی قێزەونی تاکەکان بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی یە شەخسی یەکان بە جێگای پاراستنی بەرژەوەندی یەکانی حیزب و کۆمەڵگای کوردستان.ئاکامی نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و روون بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بوون بە پاشکۆی ئەم لایەنو ئەو لایەن. ئاکامی سیاسەتی دەست لەسەر دەست دانان وخۆ بە قەزاو قەدەر ئەسپاردن ودوور کەوتنەوە لە خواستەکانی کۆمەڵگای کوردستان.بە هێند نەگرتن و پاسیوراگرتنی پتانسیەل و وزەوتوانای ئەندامانی حیزب ولەبیر بردنەوەی دۆژمنی سەرەکی وهتد...

قۆناخەکە حاستەمەو ئەرکێکی سەخت ودژوار. بەڵام شتێکی مەحال و غەیرە مومکین نیە. دەردێک نیە دەرمانی نەبێ . سەبری ئەیوب و پشووی درێژی دەوێ. سەردەمی ئیحساسات و هەڵجوون وداچوون بەسەر چۆە و دەبێ چوارچێوەی بیرکردنەوەمان لە سەر بنەمای مەنتق و عەقڵ بێ و هەڵوێست و هەنگاوەکانمان کرداری بێ.مێژوو بە هیچ کەس دەستکاری ناکردرێ و کەس ناتوانێ بیگۆڕێ.مێژوویەکی تاڵ وجەرگبڕمان لەم بارەوە هەیە و دەبێ ئەزموونی لێ وەرگرین. زۆرلایەنی دەرەکی و ناوخۆیی هەبوون و ئێستاش هەیە کە بوونە هۆکاری لێکترازان و پەرەتەوازەیی ونانەوەی تۆوی دووبەرەکێ. دەبێ لە پێشدا ئەو دەستانە ببینینەوە ەو لە بنەوەرا بیانبڕین. دەبێ ئەوانەی بوونە هۆی ئەو برینە بە ژانە بناسرێن و لێیان بپرسرێتەوە و سادە بە تەنیشتیان دا تێپەر نەبین.ئەو میللەتە بەرگەی ئەو هەموە رەنج و ئازارە ناگرێ.لەلایەک هەرچی سووکایەتی.بێحورمەتی،ئازار ،کوشتن و بڕینە لە رێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی قەبووڵ بکات و لە لایەکی دیکەشەوە ئەوە وەزع و حاڵی وهەڵس وکەوتی حیزبەکانی بێ. هەنگاوی دەستپێشخەرانی ئەم هەڵمەتە لە قۆناخی ئێستا دا پێویستە وەکوو هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە ی مێژوویی و بە جێ پێناسە بکرێ و بەرز بنرخێندرێ. لەبەر ئەوەی ئێستا لەبارترین دەرفەتە بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و قسەکردن لە ناکۆکی یەکان. بۆ ئەوەی دەزانین و لێمان روون و ئاشکریە حیزبێکی یەکگرتوو، گەلێک جێگای پەسەند و مەقبووڵتروباشترە لە دوو حێزبی بە یەک ناو، بەڵام بە دوو قەوارەی تەشکیلاتی دژ بە یەک.

لەم بەستێنەدا بێگومان جاڕی تەبایی و هاوڕێیەتی و وتارو بانگەوازی یەکگرتن ، ژمارەیەکیشی لە هەر دووک لاباڵی حیزب دا هەراسان وپەرێشان کردوە. ئەو کەسانەی کە پایەکانی یەک بوون و بە هاوڕابوون قازانج و بەرژەوەندی یەکانیان دەخاتە مەترسێوە. ئەوانەی وا لە نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەنەوەدا ژیان دەکەن و هەموو پرەنسیپە ئەخلاقی وپێوەرە مرۆیی یەکان دە بەزەێنن و بۆ گەیشتن بە ویستە نزمەکانیان ئامادەن هاوسەنگەر و هاوڕێی خۆیان بکەنە پەیژەو پردەبازی سەرکەوتن و گەیشتن بە ویستە نامەشرووعەکانیان. بەڵام دڵنیا تان دەکەم کە ئەوانەی وا دژ بە یەکگرتنەوەن رێژەیان زۆر کەمە و هێزو توانای وەیان نیە پێش بە لافاوی حەرەکەتێک بگرن کە ئەمرۆ دەستی پێکردوە. نەمانی وانە لە ووشیاری و ئاگایی ئێوە دایە. تازە دەستە چیلەی ئەم ئاگرە بۆ گیان وەبەرهێنانی ئەو جەستەیەی برینیان تێخست و لەتیان کرد داگیرساوە. واخەرێکە کۆلکەی کوللۆرو گەندەڵ و رزیوی دووبەرەکی ور‌ق و قین دەسووتێنێ ولە ژێر خۆلەمێشی ئەم سووتانەدا،ژیلەمۆی خۆشەویستی وچرۆی لێک نیزیکبوونەوەی دڵەکان سەردەردێنێ. ترووسکایەک کەلە تاریکەسەلا‌تی دووبەرەکی داخەرێکە پرشنگ داوێژێ و ئاسۆی تەماوی رێی خەباتمان رووناک دەکا.

وائەم جارەش هەوڵی نەزۆکی دووبەرەکی خوازان و نەیارانی یەکگرتن دەبێتە بڵقی سەر ئاو و لەقاقرستانی ویشکارۆی ئاسمانی ئە م هەرێمە دا گەواڵە هەوری ئاوسانی باران خەریکە موژدەی داکردنی نم نمی بارانێکمان دەداتێ کە دەمێکە چاوەڕوانی بووین . ساڵانێکە دایکانی سک سووتاومان لەم هەرێمە دەستیان روو وەو ئاسمان هەڵبڕیوە داوای باران دەکەن کە دڵۆپە زوڵالەکانی ژەنگی نامۆیی ودووبەرەکی ناو دڵەکانمان بشواتەوە و لە گەڵ خۆی رایماڵێ و لە نیشتمانی هەزاران کارەسات و ڕووداوی جەرگبر وتاڵ دووریان خاتەوە. بارانێک کە دەمێک بوو چاوەڕوانی بووین و لێمان تۆرابوو . ئەمە گۆڵە گەزیزەکانی موژدەهێنەری بەهارن تا دێ زیاتر دەشت و پیدەشتەکانی کوردستانی دایک دەخەمڵێنی و مەشخەڵانی ئاگری نەورۆزی سەربەستی موژدەی بەیانێکی روون و گەش بۆ گەلی دوور ونیزیک دەبا.

بە هیوای ئەوەی هەموو لایەک بە سەبری شۆڕشگێرانەی خۆیان،بە دڵئاواڵایی و بە هەستی لێبووردن ئەم زەمینەیە برەخسێنن و بۆ پێکەوە لکاندنی نە تەنیا دووباڵی لێکدابڕاوی جەستەی زامداری حیزبی دێمۆکرات کە پێویستێکی هەنووکەیی یە، بەڵکوو بۆ یەکگرتنی هەموو لایەنەکانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ،لە دەوریی یەکێتی یەکی بێ قەیدو شەرت هەوڵ بدەن.چۆنکە دەستەبەری رێزگرتنمان و سەرکەوتنمان لە لایەن دۆست و دوژمنەوە ،یەکێتی و تەباییمانە. ئەزموونێک کە هەموومان دەیزانین .بەڵام وەپشت گوێمان داوەو چاومان لێ نووقاندوە.

نوشته شده در تاریخ یکشنبه 23 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()