عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌: ئاڵای سه‌رده‌می كۆمار ئارِمێكی له‌نێودا بوو كه‌ برێتی بوو له‌ دوو گوڵه‌ گه‌نم و قه‌ڵه‌مێك و خۆرێك كه‌ له‌ پشت چیاوه‌ تیشكی ده‌ركه‌وتبوو
Peyamner PNA-


 عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌) سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستان – ئێران، له‌ دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌ی "باس"ـدا له‌ باره‌ی پێوه‌ندیی (پێشەوا قازی) و (مەلا مستەفا)ـه‌وه‌، ده‌ڵێ: "ئه‌مه‌ زیاتر وه‌ك گاڵته‌ ده‌چێ كه‌ بگوترێ بارزانییه‌كان بۆ رِووخاندنی كۆماری كوردستان چوونه‌ كوردستانی ئێران (ئه‌مه‌ وه‌ك "قانع فه‌رد" ئاماژه‌ی پێ كردووه‌)، له‌وه‌یش گاڵته‌جارِتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ ئینگلیز ئه‌وانی ناردووه‌ كۆمار برِووخێنن."

 ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یش ده‌قی دیمانه‌كه‌یه‌.

Peyamner

* (قانعی فه‌رد) گومان ده‌خاته‌ سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان (پێشەوا قازی سەرۆک کۆمار) و (مه‌لا مسته‌فا ژنرالی کۆمار)، هه‌تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئێوه‌ ئاگادار بن و بتانخوێندبێته‌وه‌، ئه‌م پێوه‌ندییه‌ چۆن بووه‌؟ 

(حه‌سه‌نزاده‌): ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌من بۆم ده‌ركه‌وتووه‌، پێوه‌ندیی نێوان (پێشه‌وا) و (مه‌لا مسته‌فای بارزانی)، یان به‌ قه‌ولی مامۆستا هێمنی شاعیر (قازی و مه‌لامان) نموونه‌ی پێوه‌ندییه‌كی دروستی نێوان دوو رِێبه‌ری كورد بووه‌ كه‌ یه‌كیان له‌ وڵاتی خۆی ده‌سته‌ڵاتداره‌ و ئه‌وی دیكه‌یان به‌ پێی هه‌لومه‌رجێك كه‌ كورد و كوردستانی تێدان میوانه‌. پێشه‌وا، بارزانی و بارزانییه‌كان به‌بێگانه‌
 

و میوان نازانێ، بارزانی له‌ زۆرشتدا ده‌كاته‌ رِاوێژكار و ته‌نانه‌ت شه‌ریكه‌ برِیاری خۆی، بارزانییه‌كان و هاورِێكانیشیان وه‌ك هه‌موو هاونیشتمانانی ناوچه‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی كۆمار چاو لێ ده‌كا و به‌پێی لێوه‌شاوه‌یی كاریان پێ ده‌سپێرێ تا ئه‌و جێیه‌ كه‌ له‌ چوارپله‌ی ژه‌نرِاڵی یه‌كێكیان به‌ مه‌لا مسته‌فا ده‌به‌خشێ. له‌ به‌رامبه‌ردا بارزانی و هاورِێكانیشی خۆیان به‌ بێگانه‌ و ته‌ره‌كه‌مه‌ نازانن، هه‌رچی توانا و لێوه‌شاوه‌یی هه‌یانه‌ به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌تی كۆمار و ته‌نانه‌ت گیانیشیان بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی كۆمار له‌سه‌ر له‌پی ده‌ست داده‌نێن. ده‌زانین كه‌ به‌شێك له‌ گه‌وره‌ترین حه‌ماس و قاره‌مانه‌تییه‌كانی كۆمار ئه‌وانه‌ن كه‌ بارزانییه‌كان تۆماریان كردوون. به‌ باوه‌رِی من شتێكی زۆر سروشتییشه‌ كه‌ له‌ ‌نێوان ئه‌و دوو رێبه‌ره‌دا جاروبار جیاوازی و ته‌نانه‌ت ناكۆكیی بیرورِاش بووبێ. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ناسرووشتییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ر مێژووی كۆماری كوردستان دیومانه‌ و خوێندوومانه‌ته‌وه‌ لێی ده‌رناكه‌وێ كه‌ ئه‌م دووانه‌ له‌ ده‌ورانی یازده‌ مانگه‌ی ته‌مه‌نی كۆماردا وه‌كو دوو خه‌نیم، دوو قۆڵ، یان دوو لایه‌ن ره‌فتاریان كردبێ. ئێستا نازانم خێری كێی تێدایه‌ ئه‌گه‌ر پاش شه‌ست و چوار ساڵ له‌شكریان پێ له‌به‌رامبه‌ر یه‌كدا رابگرین؟


پرسیار: ئه‌و ده‌نگه‌ی عیرفان باسی لێوه‌ ده‌كات كه‌ گوایه‌ هی مه‌لا مسته‌فایه‌ و به‌ ئۆڵسنی گوتووه‌ "قازی محه‌مه‌د پیاوێكی ترسنۆك بووه‌" هه‌تا چه‌ند راسته‌؟

حه‌سه‌نزاده‌: نه‌ ئه‌من ده‌توانم و نه‌كه‌سی دیكه‌ ده‌توانێ له‌ دووره‌وه‌ بڵێ ئه‌م ده‌نگه‌ هه‌یه‌ یان نا و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، ده‌نگی مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌ یان نا؟ به‌پێی هه‌موو قانوون و رێوشوێنێك ئه‌وه‌ كاك عیرفان قانیعی فه‌رده‌ ‌ كه‌ ‌ده‌بێ سابیتی بكا. (البینه‌ علی المدعی). لێره‌دا بۆ خۆم ئه‌و پرسیاره‌شم بۆ دروست ده‌بێ، كه‌ تۆ بڵێی ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییانه‌ ئاوا به‌ ‌ئاسانی هه‌موو په‌روه‌نده‌ نهێنییه‌كان به‌ نووسراو و گوتراوه‌وه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م رِۆژنامه‌نووسان و مێژوونووسان و لێكۆڵه‌ران؟ له‌وه‌ش گه‌رِێین كه‌ هه‌روه‌ك له‌پێشه‌وه‌ش گوتم نازانم ئه‌مه‌ چ خزمه‌تێك به‌ دۆزی كورد ده‌كا و چ درِوویه‌ك له‌ له‌شی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ خێرنه‌دیوه‌ ده‌ردێنێ؟


پرسیار: عیرفان قانعی فه‌رد بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌نگی چه‌ند ئه‌ندامێكی حزبی دیموكراتی لایه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئیسرِائیل جنێویان به‌ دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملو داوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ راسته‌، ئه‌وانه‌ كێ بوون و له‌ چ زه‌مانێكدا و بۆ چ مه‌به‌ستێ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئیسرِائیل بوون؟ ئایا به‌ ئه‌ركی حزبی رۆیشتوون یان وه‌كو پێوه‌ندی گرتنی شه‌خسی رۆیشتوون؟

حه‌سه‌نزاده‌: ئه‌و ئیدیعایه‌ی كاك عیرفان ئه‌وه‌نده‌ ‌‌له‌نه‌كاو هاتووه‌ كه‌ پیاو نازانێ باسی حزبی دیموكراتی ئه‌مریكا ده‌كا، یان پارتی دێموكراتی كوردستان-عێراق، یان حزبی دیموكراتی كوردستان-ئێران! به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه‌ لێره‌دا ئیدیعاكه‌ی راشكاوانه‌تره‌ و ده‌ڵێ "ده‌نگه‌كه‌م له‌لایه‌". ئه‌من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئه‌ندامێكی حزبی دێموكراتی كوردستان ناناسم كه‌ چووبێته‌ باڵیۆزخانه‌ی ئیسرِائیل هه‌تا ده‌گا به‌وه‌ی جنێوی به‌ دكتۆر قاسملو دابێ. به‌ڵام ئێستا كه‌ كاك عیرفان ئیدیعا ده‌كا ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌لایه‌، تكای لێ ده‌كه‌م سێ و دووی لێ نه‌كا و له‌ سه‌ته‌لایتێك یان هه‌رنه‌بێ سایتێك بڵاوی بكاته‌وه‌‌، تا هه‌م به‌خۆرِایی و بێ به‌ڵگه‌ خه‌ڵك تۆمه‌تبار نه‌كرێ و هه‌م ئه‌وه‌ی بۆ خۆی به‌دوایدا ده‌گه‌رِێ بێته‌ دی، واته‌ رِاستییه‌كان به‌ خه‌ڵك نیشان بدرێن.


پ: ئایا حوكمی له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌لایه‌ن شاوه‌ بووه‌، یان سه‌رۆكوه‌زیران ره‌زمئارا؟ ئایا بارزانییه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی كۆمار هاتن یان رووخانی كۆمار به‌پێی پیلانی به‌ریتانییه‌كان وه‌ك قانعی قه‌رد باسی ده‌كات؟ چونكه‌ پێش دامه‌زرانی كۆمار پێشه‌وا سه‌ردانی به‌ریتانییه‌كانی كردبوو ئه‌وان به‌م كاره‌ی نارِازی بوون.

حه‌سه‌نزاده‌: ئه‌من چه‌ند جارێكی دیكه‌شم بیستووه‌ كه‌ گۆیا شا به‌نیاز نه‌بووه‌ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ئیعدام بكا و ئه‌و كاره‌ تارِاده‌یه‌ك بێ ئاگاداریی ئه‌و بووه‌، به‌ڵام وا بزانم هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ ده‌ستدا نییه‌ ‌بتوانێ ئه‌م رایه‌ سابیت بكا.‌ ئه‌مه‌ زیاتر وه‌ك گاڵته‌ ده‌چێ كه‌ بگوترێ بارزانییه‌كان بۆ رووخاندنی كۆماری كوردستان چوونه‌ كوردستانی ئێران. له‌وه‌ش گاڵته‌جارِتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆیا ئینگلیز ئه‌وانی ناردووه‌ كۆمار برِووخێنن. كه‌س گومان له‌وه‌ ناكا كه‌ ئیگلیزییه‌كان چاویان به‌ كۆماری كوردستان هه‌ڵ نه‌هاتووه‌ و دیاره‌حه‌زیان له‌ چاره‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دیش نه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییه‌مان له‌به‌ر چاو بێ كه‌ مه‌لا مسته‌فا و بارزانییه‌كان له‌ژێر ته‌وژمی هێرشی بێبه‌زه‌یی یانه‌ی هێزی ئاسمانیی بریتانیادا دوای وێرانبوون و سووتانی به‌شێكی زۆر له‌ گونده‌كان ناچار بوون په‌نا بۆ كوردستانی ئێران به‌رن و گه‌یشتنیان به‌ مه‌هابادی پێته‌ختی كۆماری كوردستانیش نیزیك به‌ دوومانگ پێش دامه‌زرانی كۆمار بوو، ئه‌وده‌م تێ ده‌گه‌ین ئه‌م ئیدیعایه‌ -هی هه‌ركه‌س بێ- چه‌نده‌ بێ بناخه‌یه‌. ئه‌مه‌ هه‌روه‌ك ئه‌و ئیدیعایه‌ ده‌چێ كه‌ ده‌ڵێ مه‌لا مسته‌فا ده‌ستی له‌ به‌كوشتدانی پێشه‌وادا هه‌بووه‌. ئه‌وكاته‌ی پێشه‌واو هاورِێكانی له‌دار دران، بارزانی و بارزانییه‌كان و ته‌نانه‌ت ژن ومنداڵیشیان له‌ژێر په‌لاماری درِندانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی شادا بوون و شا له‌ په‌یامێكی ره‌سمیدا فه‌رمانی دابوو له‌ زه‌وی و هه‌واوه‌ بارزانییه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانیان بۆردومان بكه‌ن و نه‌هێڵن ده‌رباز بن تا به‌قه‌ولی خۆی له‌وه‌ زیاتر ئابرِووی ئه‌رته‌شی ئێران نه‌چێ. به‌رِاست.. عه‌قڵ ده‌یگرێ له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا شا بۆ كوشتنی پێشه‌وا داوای كۆمه‌ك له‌ بارزانی بكات؟


پرسیار: هه‌تا چه‌ند راسته‌ پێشه‌وا ئاڵای كوردستانی دابێته‌ ده‌ست مه‌لامسته‌فا و پێی گوتبێت تۆ ئاڵای شۆرِشی كورد هه‌ڵبگره‌؟ ئایا ئه‌و ئاڵایه‌ی كۆمار جیاوازیی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌بووه‌؟ چونكه‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی عه‌لی قازی له‌ مه‌راسیمێكدا دایه‌ ده‌ستی نێچیرڤان بارزانی، ئاڵای ئێستای كورستان بوو؟

حه‌سه‌نزاده‌: ئه‌من پێم وایه‌ پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ پێشه‌وا ئاڵای كوردستانی ته‌سلیمی مه‌لا مسته‌فا كردووه‌،‌ و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بۆ وه‌درۆخستنه‌وه‌ی ئه‌م ئیدیعایه‌، هه‌ردووكیان ئیسرِارێكی بێ جێن. بارزانی ئاڵای له‌ ده‌ستی قازی محه‌ممه‌د وه‌رگرتبێ یان وه‌رنه‌گرتبێ شیاوی هه‌ڵگرتنی ئاڵای خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، هه‌روه‌ك بۆ نیزیكه‌ی په‌نجا ساڵیش هه‌ڵگری ئه‌م ئاڵایه‌ بوو. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بارزانی ئاڵای له‌ ده‌ستی پێشه‌وا وه‌رگرت، ئه‌دی پێشه‌وا له‌ده‌ستێ كێی وه‌رگرت؟ ئه‌مجار وه‌رگرتنی ئاڵای خه‌بات قه‌ت به‌مانای وه‌رگرتنی ئه‌و پارچه‌ قوماشه‌ نییه‌ كه‌ ئاڵاكه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشاوه‌. ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی مه‌عنه‌وییه‌ كه‌ ده‌كرێ بڵێین هه‌موو خه‌باتگێرِانی رێگای رزگاریی كوردستان هه‌ركام به‌پێی ئه‌و ده‌وره‌ی بوویانه‌ له‌ ‌ده‌ستی خه‌باتگێرِانی پێش خۆیانیان وه‌رگرتووه‌. له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كاندا كه‌ برێتی بێ له‌ سێ ره‌نگه‌كه‌ی ئاڵای كوردستان، ئه‌و ئاڵایه‌ی ئێستا له‌ ‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵ ده‌كرێ و به‌خۆشییه‌وه‌ به‌رِه‌سمیش ناسراوه‌، جیاوازییه‌كی ده‌گه‌ڵ ئاڵای سه‌رده‌می كۆماری كوردستان نییه‌ "نیشتمانم رِه‌نگینه‌... به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مینه‌... خاكم وه‌كوئاڵاكه‌م... ره‌نگ سوورو سپی و شینه‌". به‌ڵام له‌ ‌ئارِمی نێو ئاڵاكه‌دا ئه‌و ئاڵایه‌ی له‌ كۆماری كوردستان هه‌ڵ ده‌كرا جیاوازیی ده‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵایه‌ كه‌ كاك عه‌لی قازی دایه‌ ده‌ستی كاك نێچیرڤان بارزانی، هه‌یه‌. ئاڵای سه‌رده‌می كۆمار ئارِمێكی له‌نێودا بوو كه‌ برێتی بوو له‌ دوو گوڵه‌ گه‌نم و قه‌ڵه‌مێك و خۆرێك كه‌ له‌ پشت چیاوه‌ تیشكی ده‌ركه‌وتبوو، له‌ حاڵێكدا ئاڵای ئێستامان خۆرێكی 21په‌رِی له‌نێودا نه‌خشاوه‌. به‌و ئاواته‌ كه‌ رۆژێك له‌ هه‌موو خاكی كوردستاندا به‌ شه‌كاوه‌یی بیبینین.



له‌ پێوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین موهته‌دی سیاسه‌توانی دێرینی كوردستانی ئێران له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌لا مسته‌فا قسه‌ی به‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د گوتبێت یان بۆ تێكدانی كۆماری كوردستان هاتبێت، ئه‌وه‌ شێواندنی مێژووه‌ و قسه‌ی قۆرِه‌ و له‌وباوه‌رِه‌دام وه‌ها درۆیه‌ك شیاوی وه‌ڵامدانه‌وه‌یش نییه‌ و گۆڤاری "لڤین"یشم به‌س ئه‌و كاته‌ی دیمانه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵدا كردم خوێندووه‌ته‌وه‌". 

نوشته شده در تاریخ چهارشنبه 20 مرداد 1389    | توسط: be sansor    |    | نظرات()