گۆڤاری لڤین- ژیانمان لەمەترسیدایە



08-08-10
ژماره‌ی خوێنه‌ران 1371
ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ
ژیانمان لەمەترسیدایە
بۆ نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق
رێکخراوى لێبوردنى نێَودەوڵەتى
رێکخراوى رۆژنامەنوسانى بێسنور
کونسوڵگەرى وڵاتانى ئەوروپى لە هەولێر
تیمى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى سەر بەباڵیۆزخانەى ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەولێر
رێکخراوەکانى بەرگرى لە ئازادى بیر و را و مافى مرۆڤ
پەرلەمانى کوردستان
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق
راى گشتى کوردستان
بابەت/ ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشەى کوشتن
گۆڤارى لڤین لە ژمارە 134 بەروارى 1/8/2010 چاوپێکەوتنێکى (عیرفان قانعى فەرد) خوێندکارى دکتوراى لە زانکۆى هارڤارد بڵاوکردۆتەوە ، لەو چاوپێکەوتنەدا باس لەتێزى دکتۆراکەى دەکات و لەسەر مێژووى

هاوچەرخى کورد وەستاوە و هەندێک بۆچونى خۆى لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، لەناویاندا دەربارەى (مەلا مستەفاى بارزانى) کە یەکێک لە سەرکردە سیاسیەکانى کوردستان.
گۆڤارى لڤین وەک کارێکى رۆژنامەوانى ئاسایى ئەم دیدارەى ئەنجام داوە و بەرپرس نییە لە بۆچونەکانى قانعى فەرد کە لەو چاوپێکەوتنەدا هاتون و ئەگەر کەسێک بەویژدانەوە بابەتەکە بخوێنێتەوە هەست بەوە دەکات کە لڤین بێلایەنانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو بابەتە کردووە.
کەچى دوابەدواى بڵاوبونەوەى ئەم دیدارە خۆمان و گۆڤارەکەمان بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوینەتە بەر شاڵاوێکى توند و هەڕەشە ئامێزى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەچەندین شێوازى جیاواز و لەچەندین رێگەوە فشاریان هێناوەتە سەرمان.
بەرێزان چەند رۆژێکە پارتى دیموکراتى کوردستان بەسەرۆکایەتى مەسعود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵمەتێکى پڕ لە توندوتیژىء تەشهیر و تۆقاندنیان بەرامبەر بە گۆڤارى لڤین دەستیپێکردووە و بەچەند شێوازى جیاواز هەڕەشەى کوشتنء تۆڵەکردنەوەو دەست نەپاراستنیان کردووە.
رۆژى (4/8/2010) بەیاننامەیەک بەناوى (چیتر چاوەڕێ ناکەین) دژى گۆڤارى لڤین و رۆژنامەنوسەکانى ناوى بڵاو کراوەتەوە لەم بەیاننامەیەدا بە ئاشکرا هەڕەشەى کوشتنمان لێکراوە و بەپێی بەیاننامەکە "ئەگەر تۆبە نەکەین ئەوا دەستمان لێناپارێزن".
ئەم بەیاننامەیە لە ژمارە (3542)ى رۆژى (5/8/2010) رۆژنامەى خەباتى ئۆرگانى رەسمى پارتى دیموکراتى کوردستانیشدا بڵاوکراوەتەوە.
هەروەها رۆژى (3/8/2010)یش بەهەمان شێوە بەیانامەیەکى دیکە بەناوى "هۆشدارینامە" دەرچووە و بەئاشکراو لەچەندین جێگەدا هەڕەشەى کوشتنمان لێکراوە.
رۆژى هەینی بەروارى 5/8/2008 لەسنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک بەشێکى زۆر لە مامۆستایانى ئاینى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان لەوتارى رۆژى هەینیدا و لەبەردەم هەزاران کەسدا کە بۆ نوێژى هەینى ئامادەبوون هێرشیانکردۆتە سەر گۆڤارى لڤینء بەوە تۆمەتباریان کردوین کە تەشهیرمان بە موقەدەساتء پیرۆزییەکانى ئیسلامء رەمزەکانى کردووە، لەکاتێکدا ئەم بابەتە بەتەواوى دوورە لە راستیەوە. هەندێک لەو مەلایانە راستەوخۆ هانى خەڵکەکەیان داوە کە هێرش بکەنە سەرمانء لێمان قبوڵ نەکەنء بێدەنگمان بکەن.
هەروەها رێکخراوى یەکێتى زانایانى ئیسلامى لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە لڤین کردوە لەسەر بڵاوکردنەوەى ئەو چاوپێکەوتنە"داواى لێبوردن بکات"، چەند گەنجێکى پارتیش لە بەیاننامەیەکدا نوسیویانە" ئەگەر داواى لێبوردن نەکەن دەستتان لێناپارێزن".
ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەرکردنە لەکاتێکدا هەموو لایەک داواى جیاکردنەوەى دین لە دەوڵەت دەکەن. پارتى دیموکراتى کوردستان مینبەرى مزگەوتەکان بەکاردەهێنێت بۆ مەرامى سیاسی ء لەرێگەى مەلاکانیەوە فتواى بێدەنگکردنى رۆژنامەنوسانء راوبۆچونى جیاواز دەدەن لەکۆمەڵگادا.
بەرێزان هەموو ئەو فتواى کوشتنانە تەنیا لەسەر بڵاوکردنەوەى چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانییە کەتیایدا راى جیاواز لەبارەى هەندێ روداوى مێژووییەوە وتراوە سەبارەت بە مەلا مستەفاى بارزانى.
تاوانى گۆڤارى لڤین تەنیا ئەوەندەیە کە رێگەى داوە کەسێک کە خوێندکارى دکتۆرایە لەسەر تێزى دکتوراکەى لە گۆڤارى لڤیندا هەندێ بۆچوونى شەخسی خۆى بڵاوبکاتەوە.
ئایا بڵاوکردنەوەى بۆچوونى کەسێک دەبێتە مایەی حەلاڵکردنى خۆێنمان لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە؟!!. ئایا لەدونیاى دیموکراتیدا کەس لەسەر بڵاوکردنەوە و دەربڕینى بۆچونەکانى هەڕششەى مەرگى لێدەکرێت؟
ئەوەى جێگەى سەرنجى ئێمەیە رێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سنورى پارێزگاى سلێمانى ئەم "نامەى تیرۆر"انە بەئاشکرا لەبازاڕ و لەناو گەڕەکەکاندا دابەش دەکەن ، کەچى دامء دەزگاکانى حکومەتى هەرێم تەنها تەماشاچینو سەیریان دەکەن.
بەڕێزان بەپێویستى دەزانین هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە کەبەهۆى ئەو بارودۆخەى پارتى دروستى کردووە ئازادى رادەربرینء راگەیاندنى ئازاد لەمەترسیدایەو رۆژنامەنوسانى لڤینیش لەبەردەم هەڕەشەى ئەم هەڵمەتە نادیموکراتیەى پارتیدان.
داوا لەهەموو لایەک دەکەین کە لەرێگەى فشارى دیبلۆماسى و مەدەنییەوە رێگە لەم سنوربەزاندنەى پارتى بگرن و سنورێکى بۆ دابنێن تاوەکو هیچ کەس هەست بەوە نەکات کە دەتوانێت دەنگى ئازاد بکوژێت و بوارى ئازادى بەرتەسک بکاتەوە.
هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ژیانء سەلامەتى رۆژنامەنوسانمان لەئەستۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندایە. کە جگە لەوەى لەرێگەى مزگەوتەکانەوە فتواى لەدژداوین بەچەندین شێوازى دیکەش خەڵکیان هانداوە کە هێرش بکەنە سەرمان.
بۆیە داوا لەهەموو لایەک دەکەین بەپەلە تەدەخول بکەن لەوەستاندنى ئەو هەڵمەتەى کە پارتى دژى ئازادی بڵاوکردنەوەو بیرورا دروستیکردووە.
ئێمە نیگەرانین لەم هەڵمەتەى پارتى دیموکراتى کوردستان و بە وریایەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکەین ، بەتایبەتى کە پێشتر و لەساڵى 2007 گۆڤارى لڤین وەک یەکێک لەمیدیا سەربەخۆکانى کوردستان کەوتە بەر پەلامار و  یەکێک لە رۆژنامەنوسەکانى بەناوى (سۆرانى مامەحەمە) لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لە شارى کەرکوک تیرۆر کراو هەتا ئێستاش بکوژەکانى نەدۆزراونەتەوە.
هاوپێچ//
کۆپی رۆژنامەى خەبات کە بەیەننامەکەى بڵاوکردۆتەوە
کۆپیەک لە بەیاننامەى یەکێتى زانایان
کۆپیەک لە بەیاننامەیەک بەناوى هۆشدارینامە
گۆڤاری لڤین
سلێمانی-هەرێمی کوردستان
2010/8/9 

نوشته شده در تاریخ پنجشنبه 21 مرداد 1389    | توسط: be sansor    |    | نظرات()