سمكۆ یه‌زدانپه‌نا له‌ دژی حوسێن یه‌زدانپه‌نا په‌نا به‌ حكومه‌تی هه‌رێم دێنێ
02-09-2010
سمكۆ یه‌زدانپه‌نا له‌ سكاڵانامه‌یه‌كدا بۆ به‌پرسانی هه‌رێمی كوردستان داوای هه‌ڵوێستان دژ به‌ كرداره‌كانی حوسێن یه‌زدانپه‌نا لێده‌كات.




 
 
له‌ سكاڵانامه‌یه‌كدا بۆ هه‌ر كام له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و نوسخه‌یه‌كی بۆ "مێدیا نیوز" نێردراوه‌، سمكۆ یه‌زانپه‌نا، سكرتێری یه‌كیه‌تی شۆرشگێرانی كوردستان، داوای هه‌ڵوێستی جیدییان لێ ده‌كات دژ به‌و كرداره‌ هێرشه‌كه‌رانه‌ی كه‌ ئه‌و حوسێنی یه‌زدانپه‌نا به‌ تاوانباریان ده‌ناسێ.
سكرتێری یه‌كیه‌تی شۆرشگێران، له‌ سكاڵانامه‌كه‌یدا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "له‌ دوای ئیشعابیان له‌ پارتی ئازادی كوردستان له‌ لایه‌ن حوسێنی یه‌زدانپه‌ناوه‌، به‌رده‌وام له‌ژێر فشاروته‌هدیدو هه‌ره‌شه‌ی لایه‌نی به‌رانبه‌رماندا بووین وچه‌ندین جارله‌م سێ ساڵه‌دا به‌شێوازی جۆراوجۆر پیلانی کوشتن و تۆقاندن و بوختان هه‌ڵبه‌ستن به‌رانبه‌رمان پیاده‌ کراوه‌."
یه‌زدانپه‌نا هه‌روه‌ها گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌كان له‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ریانه‌وه‌ له‌سه‌ریانه‌، به‌ڵام داموده‌زگاكانی ئاسایش هیچ هه‌ڵوێستێكی دژ به‌ پارتی ئازادی كوردستان و له‌وانه‌ش حوسێنی یه‌زانپه‌نایان نه‌گرتۆته‌ به‌ر.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كیه‌تی شۆرشگێران هه‌روه‌ها په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی پارتی

ئازادی كوردستان كراوه‌ته‌ سه‌ریان و ناوی تاكه‌تاكه‌ی هێرشبه‌رانی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان جێگری، جێگری سه‌رۆكی پارتی ئازادی كوردستانه‌.
دوای ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا، ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ "مێدیا نیوز" بڵاو كراوه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، حوسێنی یه‌زانپه‌نا جێگری سه‌رۆكی پارتی ئازادی كوردستان، ئه‌و كردارانه‌ی ره‌تكردبۆوه‌.
 
سمكۆ یه‌زدانپه‌نا له‌ درێژه‌ی ئه‌و سكاڵانامه‌یه‌دا داوا له‌ هه‌ركام له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكرات، سه‌رۆكی حكومه‌ت، وه‌زیری ناوخۆ ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كردارانه‌ دژ به‌ یه‌كیه‌تی شۆرشگێران به‌رگرییان لێ بكرێ.
 
ده‌قی ئه‌و سكاڵانامه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌:
 
سکاڵانامه‌ی کراوه‌

بۆبه‌ڕێزان
           کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
           کاک نێچیروان بارزانی جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
           کاک مه‌سرووربارزانی سه‌رۆکی ئاژانسی پاراستنی هه‌رێمی کوردستان
           کاک د،به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
           کاک که‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان
هه‌ر وه‌ک هه‌موان ئاگادارن له‌ 7 /7/2007 به‌ چه‌ندین هۆکاری سیاسی وته‌شکیلاتی و ئه‌منییه‌تی، یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وپارتی ئازادی له‌یه‌ک جیا بوونه‌وه‌و دووله‌ت بوون، ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ ته‌نیا به ‌باڵای ئێمه‌ نه‌بڕاوه‌، به‌ڵکوبه‌داخه‌وه‌ ئینشعاب و ئینشقاق رووبه‌رووی سه‌رجه‌م حیزب ورێکخراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووته‌وه‌.
 
 
 ئێستا
 ئه‌وه‌ی که‌ مه‌به‌سته‌ عه‌رزتانی بکه‌م لێره‌دا، له‌م سکاڵانامه‌یه‌دا بۆ ئێوه‌ی به‌رپرسانی حیزبی وحکومی وهه‌روه‌ها بیرورای گشتی، ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش جیابوونه‌وه‌که‌مان تاکو ئێستا ، خۆم وسه‌رجه‌م کادرو پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، به‌رده‌وام له‌ژێر فشاروته‌هدیدو هه‌ره‌شه‌ی لایه‌نی به‌رانبه‌رماندا بووین وچه‌ندین جارله‌م سێ ساڵه‌دا به‌شێوازی جۆراوجۆر پیلانی کوشتن وتۆقاندن وبوختان هه‌ڵبه‌ستن به‌رانبه‌رمان پیاده‌ کراوه‌.
که‌سیان ناردووه‌ بۆ کوشتنمان گرتومانه‌و راده‌ستی ئاسائیشی گشتیمان کردووه.‌
که‌چی تاکوئێستاهیچ هه‌ڵوێستیکی جیدی له‌داموودزگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌رانبه‌ر به‌و تاقمه‌ ئاژاوه‌گێره‌ وه‌رنه‌گیراوه‌.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌پیلانی حوسێن یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادی له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا شه‌خسی خۆم چه‌ندین جاربانگ کراوم بۆ دامووده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر له‌ درێژه‌ی پیلانه‌کانی پارتی ئازادی له‌ رێکه‌وتی 28/7/2010 بۆ باسکردن له‌سه‌ر رووداوی 26-له‌سه‌ر 27/7/2010 خۆم و به‌ڕێز که‌ماڵ مام خزری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له‌ لایه‌ن بنکه‌ی پۆلیسی عه‌نکاوه‌وه‌ بانگ ده‌کرێن وبه‌ بێ سه‌رنجدان به‌ وته‌کانی ئێمه هه‌ردووکمان ده‌ست به‌سه‌رده‌کرێن وبه‌ره‌و به‌ندیخانه‌ی شاری هه‌ولێرمان ده‌به‌ن.
له‌ رێکه‌وتی 28- له‌ سه‌ر 29/7/ 2010  کات ژمێر2 نیوه‌ شه‌و له‌حاڵێکدا خۆم وبه‌رێز که‌ماڵ مام خزری له‌ به‌ندیخانه‌ی هه‌ولێر داین تاقمێک چه‌کدار به‌ جلوبه‌رگی ئاسائیش وبه‌ناوی ئاسائیشی گشتییه‌وه‌ له‌ کرده‌یه‌کی تێرۆریستیدا هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ ماڵه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان که‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بێ چه‌کی تێدا ده‌ژی و به‌ئاگاداری دراوسێکان له‌ گه‌ره‌کی مفتی شاری هه‌ولێر ئه‌م تاقمه‌ چه‌کداره‌ درژێنه‌ ناو ماڵه‌که‌وه‌و لێیان ده‌ده‌ن وبرینداریان ده‌که‌ن، به‌پێی وته‌کانی هاورێکانمان وئه‌وبه‌ڵگانه‌ی ده‌ستمان که‌وتون ئه‌م تاقمه‌ سه‌ربه‌ پارتی ئازادین وچه‌ند که‌سێکیان ناسراونه‌ته‌وه‌ که‌ ناوه‌کانیان بریتیه‌ له‌ :
1 ته‌ها حه‌ساری ناسراوبه‌ شه‌ماڵ پیران جێگری حوسێن یه‌زدانپه‌نا له‌ پارتی ئازادی
2 که‌یوان رۆسته‌می کوری محه‌مه‌دی خه‌یات چه‌کداری پارتی ئازادی
3 هوشه‌نگ ره‌حیمی چه‌کداری پارتی ئازادی
4 شوانه‌ مه‌حموودی چه‌کداری پارتی ئازادی
شایانی باسه‌ وێرای به‌ڵگه‌ وشاهیدیدانی دراوسێکان وهه‌روه‌هاحوکمی جه‌لبیان واته ‌( ئه‌مربه‌قه‌بز)  له‌لایه‌ن مه‌حکه‌مه‌ی گه‌وره‌ی شاری هه‌ولێرجیا له‌ نه‌فه‌ری چواره‌م که‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک ده‌ست به‌سه‌رکرا، هیچ هه‌ڵوێستێک له‌ لایه‌ن دامووده‌زاگا ئه‌منییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌م کرده‌ تێرۆریستییه‌ی ئه‌م تاقمه‌ ئاژاوه‌ گێره‌ نه‌گیردراوه‌.
 
 
هه‌ربۆیه‌ش
له‌رێگای ئه‌م نامه‌ کراوه‌یه‌وه‌ داواکارم له به‌رپرسانی حکومی وحیزبی ئه‌گه‌ر یاساکانی باشووری کوردستان بۆ هه‌موومانه‌، نه‌ک ته‌نها بۆ ئێمه‌، ئه‌وه‌با یاساکان به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ رووبه‌رووی هه‌موان ببێته‌وه‌.
بۆ ئاگاداریتان له‌م سێ ساڵه‌دا شه‌خسی خۆم چه‌ندین جارله‌ به‌ندیخانه‌ شاری هه‌ولێرده‌ست به‌سه‌ر کراوم ، ئه‌م جاره‌ش وێرای ده‌ست به‌سه‌رکردنی خۆم بۆماوه‌ی 22 رۆژ به‌رێز که‌ماڵ مام خزری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ بێ هیچ تاوانێک یه‌ک مانگ ده‌ست به‌سه‌ر ده‌کرێت.!
 
 
به‌رێزان
ئه‌م تاقمه‌ی که‌ حوسێن یه‌زدانپه‌نا سه‌رپه‌رشتیان ده‌کات بۆ ئاژاوه‌گێری وکرده‌ی تێرۆریستی، ته‌نیا مه‌ترسییه‌که‌ی بۆسه‌ر کادرو ئه‌ندامانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وبزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نییه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بێتو کرده‌وه‌کانیان سنووردار نه‌کرێت ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌درێژخایه‌ندا ئه‌ومه‌ترسییه‌ رووبه‌رووی هاوولاتیانی باشووری کوردستانیش و ئاواره‌کانی به‌شه‌کانی ده‌که‌ی کوردستان به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتییه‌کان ده‌بێته‌وه‌.
 
 
به‌ڕێزان
به‌پێویستی ده‌زانم هه‌ر له‌م سکاڵانامه‌یه‌دا، ئاگادارتان بکه‌م که‌، ئه‌و ئیمکاناته‌ی که‌ بریتین له‌ ماڵ وماشێن و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌رستانه‌ی که‌ مرۆڤ پێی ده‌ژیت به‌ خوێنی براکانی خۆم وهاورێیانی شه‌هیدمان به‌ده‌ستمان هێنابوو، له‌پاش ئینشعابه‌که‌مان ( دووله‌ت بوون ) هه‌موومان بۆ ئه‌م گرووپه‌ به‌جێهشتووه‌، ته‌نهاوته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمدا توشی پێکدادان و خوێن رشتن نه‌بین، ئێستاش به‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆمه‌وه‌ دایکم وباوکم وخوشکه‌کانم وخوشکه‌زاکانم وهاورێیانی کومیته‌ی ناوه‌ندی وبنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان له‌ خانووی کرێدا ده‌ژین وبه‌‌‌و په‌ری بێ ئیمکاناتی درێژه‌مان به‌ خه‌بات وتێکۆشان داوه‌، به‌ دان به‌خۆ داگرتن وقه‌ناعه‌ته‌وه‌، که‌چی سه‌ره‌ رای ئامانه‌ش وێرای پیلانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ئه‌م تاقمه‌ که‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ بێ پسانه‌وه‌و ‌بێ ره‌چاو کردنی هیچ پرنسیبێکی ئه‌خلاقی، هه‌ر جارناجارێک به‌ پیلانی ئاوان وبه‌ بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنراو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان راپێجی به‌ندیخانه‌ واته‌ ( مه‌حه‌ته‌ی ) هه‌ولێر ده‌کرێن و کادرو پێشمه‌رگه‌کانیشمان ده‌ست درێژییان ده‌کرێته‌ سه‌ر.
 
له‌ کۆتایدا

چاوه‌روانی هه‌ڵوێستی جیدی و دادپه‌روه‌ری ئێوه‌ی به‌رێزین.
 
 
سمکۆ یه‌زدانپه‌نا
سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
رێکه‌وت:  2/9/2010

نوشته شده در تاریخ جمعه 12 شهریور 1389    | توسط: be sansor    |    | نظرات()