کۆمه‌ڵێک له‌ئه‌ندامانی حدکا داوا له‌سکرتێری حیزبه‌که‌یان ده‌که‌ن له‌ گه‌ڵ سکرتێری لایه‌نی به‌رامبه‌ر بکه‌وێته‌ دیالۆگه‌وه‌

بێسانسۆڕ نیوز: کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ بانگه‌وازێک دا داوا له‌ سکرتێری گشتیی ئه‌و حیزبه‌، مسته‌فا هیجری ده‌که‌ن تا له‌ گه‌ڵ خالید عه‌زیزی ، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکه‌وێته‌ دیالۆگ و وتوێژه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه‌ی که‌ له‌ پتر له‌ سێ ساڵ له‌وه‌ پێشه‌وه‌ لێکترازان و لێکجیابوونه‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه‌.
نووسه‌رانی بانگه‌وازه‌که‌ هه‌روه‌ها داوا ده‌که‌ن که‌ "هه‌ر که‌س له ‌گه‌ڵ بانگه‌وازه‌که‌مان دا هه‌یه‌، به‌ ناوی ڕاستی خۆیه‌وه،‌ نه‌ک خوازراو به‌و ئیمایله‌ی خواره‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بکات که‌ ئێمه‌ له‌ داهاتوو دا لیستێک له‌ ناوی ئه‌ودڵسۆزانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه"
ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی بانگه‌وازه‌که‌یه‌ و ئه‌گه‌ر لیستێک وه‌ک ناوی واژۆکارانی ئه‌م بانگه‌وازه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا به‌ بۆرۆژهه‌ڵات بگا، ئه‌م بانگه‌وازه‌ تازه‌ ده‌کرێته‌‌‌وه‌ یان له‌ هه‌واڵێکی جیاواز دا ناوه‌کان بڵاو ده‌کاته‌وه‌.

بانگه‌واز

خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی کوردستان,
ئه‌ندامان ، دۆستان ولایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکرات !

پاش کۆتایی هاتنی کۆنگره‌ی 13 ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌داخێکی گرانه‌وه‌ حیزبه‌که‌مان بووبه‌ دوو به‌ش و ئێستا دوو حیزبی دێمۆکڕات له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌بات ده‌که‌ن.

ئێمه‌ نامانه‌وێ بچینه‌‌وه‌ سه‌ر هۆیه‌کانی ئه‌م له‌تبوونه‌ و ئه‌وه‌ که‌ سه‌به‌بکاره‌کانی کێ بوون، چ کرا و چۆن که‌وتینه‌ هه‌ڵه‌ڕێگای ئه‌و لێک‌دابڕانه‌وه‌ و پێشمان‌وایه‌ ئیدی دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌و وتانه‌ش سوودێکی نیه‌. به‌ڵام ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌و له‌تکردنه‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردی پێ لاواز بوو، ئه‌ندامانی حیزب و خه‌ڵکی کوردستانی تووشی ناهومێدی کرد، متمانه‌ به‌یه‌کتر کردن باوی نه‌ما، خۆیی و ناخۆیی په‌یدا بوو و له‌ سه‌ریه‌ک ئه‌ویندارانی ئازادیی کوردستان و دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ ڕه‌واکه‌مانی دڵبه‌خه‌م و دوژمنان و نه‌یارانی کورد و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی شاد و سه‌رمه‌ست کرد.

به‌ڕێزان

هه‌موومان ده‌زانین بزووتنه‌وه‌که‌مان به‌ چ قۆناخێکی ناسک دا تێ‌ده‌په‌ڕێ و ڕێگای خۆدیتنه‌وه‌یه‌کی به‌سوود، پڕاوپڕ و شایسته‌ له‌و قۆناخه‌ ناسکه‌ دا و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ڕابردووش ته‌نیا له‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌، دیالۆگ، کردنه‌وه‌ی ده‌رگای هاوکاری و سه‌ره‌نجام یه‌کگرتنه‌وه‌ دایه‌.

هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ کادروپێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکرات، داوا له رێبه‌رانی به‌رێزی حیزب به‌تایبه‌ت ‌به‌رێز کاک مسته‌فا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ده‌که‌ین که‌ به‌ گرینگیدانی هه‌رچی زیاتر به‌جێگا، به‌رپرسایه‌تی، هه‌ستیاریی قۆناخی خه‌بات و چاوه‌ڕۆانی گه‌ل و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی هه‌زاران شه‌هیدی ئه‌و کوردستانه،‌ به‌ ئه‌رکی مێژوویی خۆی هه‌ستێ و بۆ چاره‌ی گرفتی نێوان دوو به‌شی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێمۆکڕات بڕیاری دانیشتن له‌ گه‌ڵ به‌رێز کاک خالیدی عه‌زیزی بدا و زستانی ساردمان لێ بکا‌ به‌ به‌هاری شادی. هاوکات داوا ڕێبه‌رانی دیکه‌ی هه‌ردووک لای حیزب ده‌که‌ین له‌و پێناوه‌ دا هه‌رچی زووتر هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه‌، به‌ یه‌که‌وه‌ دانیشن و به‌ شێوه‌یه‌کی حه‌کیمانه‌ و دڵسۆزانه‌ له‌مپه‌ری دڕدۆنگی، ناکۆکی و لێک‌دابڕان له‌ سه‌ر ڕێ لابده‌ن، به‌ردی بناغه‌ی بینای وه‌سه‌ریه‌ککه‌وتنه‌وه‌ی حیزب دابنێنن و دڵی که‌س و کاری شه‌هیدان وخه‌ڵکی کوردستان شاد بکه‌ن.

با ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێ و دیاره‌ ڕێبه‌رانی هه‌ردووک لاش ده‌زانن که‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌هه‌ر دووک لا که‌سانێک هه‌بن، که‌ نه‌یانه‌وێ وه‌زعه‌که‌ ئاسایی ببێته‌وه‌ و حیزب به‌ره‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ بچێ‌. ئێمه‌ پێمان وایه‌ نابێ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌تێک، فیدای مه‌یلی شه‌خسیی ئه‌و که‌سانه‌ بکرێ.

هاوکات داوا له‌ ئه‌ندامانی هه‌ر دوو لا ده‌که‌ین که به‌رخورد له‌گه‌ڵ که‌سانێک‌ که‌ به‌ نوسینی هه‌واڵی بێ بنه‌ما و ‌کۆمینتاری پڕ له‌ تانه‌وته‌شه‌ر له‌ سایته‌کاندا، که‌هیچ خزمه‌تێک به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و ته‌بایی رێزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ ناکه‌ن، ئه‌رکی مێژوویی خۆیان بۆ وه‌دی هێنانی یه‌کگرتووی و برایه‌تی ئه‌نجام بده‌ن.

داوا ده‌که‌ین هه‌ر که‌س له ‌گه‌ڵ بانگه‌وازه‌که‌مان دا هه‌یه‌، به‌ ناوی ڕاستی خۆیه‌وه،‌ نه‌ک خوازراو به‌و ئیمایله‌ی خواره‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بکات که‌ ئێمه‌ له‌ داهاتوو دا لیستێک له‌ ناوی ئه‌ودڵسۆزانه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه
nawndiashti@gmail.com

کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندام،‌ کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکڕات له ‌ده‌ره‌وه ‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان

 

 

نوشته شده در تاریخ شنبه 1 اسفند 1388    | توسط: be sansor    |    | نظرات()